Hakan Çopur
11 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2021
واشنتۆن- AA
بۆ یەکەمجار ژمارەیەک گرتەی رۆژی شەشی کانوونی دووەمی رابردوو و رووداوەکانی هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێسی ئەمریکا بڵاوکرانەوە و بوون بە رۆژەڤی رای گشتی.
دوای ئەوەی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەلایەن پارتی دیموکرات بە بەرپرسیاربوون لە رووداوەکانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس تۆمەتبارکرا، بۆ جاری دووەم داوای دوورخستنەوەی کرا و دووەم رۆژی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پیران دەربارەی ئەو بابەتە کۆتایی هات.
ئەو نوێنەرانەی پارتی دیموکرات کە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە هاتبوون بۆ ماوەی هەشت کاتژمێر، سکاڵاکانی دژبە دۆناڵد ترەمپ-یان خستەڕوو.
ئەو نوێنەرانە بانگەشەی ئەوەیان کرد کە دۆناڵد ترەمپ بەرپرسیاری سەرەکی رووداوەکانی هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێسە و ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی رووداوەکانیشیان بۆ یەکەمجار بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە کە تیایاندا بەوردی دەردەکەوێت هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس چۆن روویداوە.
ئەو گرتانە کە لە ناوەوە و دەرەوەی بینای کۆنگرێس تۆمارکراون تیایاندا ئەوە دەردەکەوێت کە خۆپیشاندەران چۆن رووبەڕووی هێزەکانی پۆلیس بوونەتەوە و چۆن چوونەتە ناو بینای کۆنگرێس.
لە گرتەیەکیشدا ئەوە دەردەکەوێت کە خۆپیشاندەران تەنها ٣٠ مەتر لە جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس-ەوە دوورن کاتێک مایک پێنس لەلایەن پاسەوانەکانییەوە دەگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی ئارام.
بڕیاریشە لە سێیەم رۆژی دانیشتەکانی ئەنجوومەنی پیران دەربارەی هەمان بابەت، نوێنەرانی پارتی دیموکرات هەشت کاتژمێری دیکە سکاڵا و بەڵگەکان دژبە دۆناڵد ترەمپ بخەنەڕوو.
لە میانی رووداوەکانی هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس پێنج کەس کوژران و لە بەرامبەردا، ئەنجوومەنی پیران لە ١٤ی کانوونی دووەمی رابردوودا، ماددەی دوورخستنەوەی دۆناڵد ترەمپ-ی پەسەند کردبوو کە وەک هاندەری نانەوەی پشێوی تۆمەتبار کرابوو.