Tayfun Salcı
04 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2019
له‌نده‌ن - AA
سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسۆن 21 په‌رله‌مانتاری ئۆپۆزسیۆن له فراكسیۆنی پارته‌كه‌ی له په‌رله‌مان ده‌ركرد كه دوو وه‌زیری پێشووی دارایی و نه‌وه‌یه‌كی وینستۆن چێرچیل-یشیان لەنێودایه.
دوێنێ بۆریس جۆنسۆن له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی له ده‌نگدانێكی یەکلاییکەرەوەدا، 21 په‌رله‌مانتاری سەربە فراكسیۆنی پارته‌كه‌ی دوورخسته‌وه كه له‌گه‌ڵ پارته‌كانی ئۆپۆزسیۆندا هاوهه‌ڵوێست بوون.
دوای بڕیاری دوورخستنه‌وه‌یان له‌ڕێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه بڕیاره‌كه به 21 په‌رله‌مانتاره‌كه راگه‌یه‌نرا كه هه‌ریه‌كه له وه‌زیرانی پێشووی دارایی، فلیپ هامۆند و كێن كلارك و وه‌زیری پێشووی داد، ده‌یڤد گاوك و نه‌وه‌ی وینستۆن چێرچیل، سێر نیكۆڵاس سۆمێس-یشیان لەنێودایه.
دوێنێ دوای ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارێكی پارتی پارێزگاران چووه نیو ریزەکانی پارتی لیبراڵ دیموكراته‌وه، حكوومه‌ته‌كه‌ی جۆنسۆن زۆرینه‌ی لە په‌رله‌مان له‌ده‌ستدا و دوای بڕیاری دوورخستنه‌وه‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ش، به‌ته‌واوی له‌نێو په‌رله‌ماندا لاواز بوو.
ئێواره‌ی دوێنێ ئەنجوومەنی گشتی به‌ریتانیا پڕۆژه یاسایەک بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دیاریكردنی رۆژه‌ڤی په‌رله‌مان له حكوومه‌ته‌وه بۆ په‌رله‌مانتاران، به 328 ده‌نگ به‌رامبه‌ر 301 ده‌نگ په‌سه‌ندكرا.
جۆنسۆن-یش دوای ده‌نگدانه‌كه رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان یاسایه‌ك ده‌ربكات بۆ رێگریكردن له برێکسیت به‌بێ رێككه‌وتن، پڕۆژه یاسایەک بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت پێشكه‌ش بە په‌رله‌مان ده‌كات.
به‌ڵام به‌پێی یاساكانی به‌ریتانیا، بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت پێویستی به ده‌نگی دوو له‌سه‌ر سێی په‌رله‌مانتارانه و بۆریس جۆنسۆن بۆ ئه‌مه ناچارده‌بێت هاوكاری له ئۆپۆزسیۆن وه‌ربگرێت.
جێرمی كۆربین سه‌ركرده‌ی پارتی كرێكاران كه ئۆپۆزسیۆنی سه‌ره‌كییه رایگه‌یاند، تا ئه‌وكاته‌ی به شێوه‌یه‌كی یه‌كلاییكه‌ره‌وه رێگری له برێكسیت به‌بێ رێككه‌وتن نه‌كرێت، پشتگیریی بڕیاری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ناكه‌ن.
بۆ ئه‌گه‌ری هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیش، ئاماژه به 15ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌درێت.