İdris Okuducu,Hemın Othman Mohammed
15 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2019
به‌غدا - AA
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، جان ئيڤ لۆدريان داوای كرد پاش بڕیاری ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی هه‌نگاو بگیرێته‌به‌ر بۆ له‌ناوبردنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش له سووریا.
لۆدریان كه به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمی سه‌ردانی به‌غدای پایته‌ختی عێراقی كردبوو، له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی كۆبووه‌وه.
دوای كۆبوونه‌وه‌كه لۆدریان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی هاوبه‌شدا باسی له‌وه كرد كه دوای بڕیاری ئه‌مریكا بۆ كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه‌كانی پێویسته هه‌نگاو بگیرێته‌به‌ر بۆ له‌ناوبردنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش له سووریا.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا، هیچ شتێكی نه‌گووت له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی دوای ئه‌مریكا پێویسته چۆن هه‌نگاوێك بگیرێته‌به‌ر دژبه داعش له سووریا.
لۆدریان ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه زۆر شت هه‌یه پێویسته ئه‌نجامبدرێت بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی سه‌قامگیری سیاسیی ناوچه‌كه، ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو كه به‌تایبه‌تی قه‌یرانی سووریا پێویسته زۆر به‌خێرایی به رێگای سیاسیی چاره‌سه‌ر بكرێت.
جان ئيڤ لودريان باسی له‌وه كرد كه هێشتا عێراق له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش-دایه و له ماوه‌ی رابردوودا خانه نوستووه‌كانی رێكخراوه‌كه په‌لاماریان ئه‌نجامداوه.
هه‌روه‌ها لۆدریان باسی له‌وه كرد كه وڵاته‌كه‌ی له بواری جیاوازدا پشتیوانی پێشكه‌ش به‌عێراق كردووه و دووباره بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه‌ی له‌ده‌ست داعش رزگاركراون له پێشینه‌ی كاره‌كانیانه.
لای خۆشیه‌وه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، محه‌مه‌د حه‌كیم ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه چاوه‌ڕوانی هاوكاری زیاتر له فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن له رووی سه‌ربازیی و ئاسایشه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن رووبه‌ڕووی تیرۆر ببنه‌وه.
حه‌كیم باسی له‌وه كرد كه خوازیارن سووریا به سه‌قامگیری بگات، له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وه به‌شێكی گرنگه له سه‌قامگیری ناوچه‌كه.
له میانی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ به‌غدا، لۆدریان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی و سه‌ركۆماری ئه‌و وڵاته، به‌رهه‌م ساڵح كۆبووه‌وه.
دوای به‌غدا وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی كۆبووه‌وه.