Mücahit Oktay
14 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 14 تەمووز 2022
نیویۆرک - AA
لە دانیشتنی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە لە بارەگای گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک بەڕێوە چوو، بڕیارەکانی پەیوەندیدار بەو سزایانەی خراونەتە سەر لیبیا تا ١٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ و دەسەڵاتی گەڕان و پشکنینی کەشتییەکان لە سنوورە ئاوییەکان بە مەبەستی بەرگرتن لە هەناردەکردنی نەوتی خاو بە رێگای نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان تا ٣٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ درێژ کرایەوە.
لەو بڕیارەدا کە پشتبەستن بە ماددەی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرکراوە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەختی لەسەر پابەندبوون کردووەتەوە لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاک، سەروەری، سەربەخۆیی و یەکڕیزی نیشتمانیی لیبیا.
لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە بە کۆی دەنگی ئەندامان پەسەند کرا، ئاماژە بەوە دراوە کە ئەم رەوشەی لیبیا تێی کەوتووە، بووەتە هەڕەشە لەسەر ئاسایش و ئاشتی نێودەوڵەتیی و پشتیوانی تەواوەتی دەربڕدراوە بۆ رەخساندنی دەرفەتێکی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی یاسایی و دەستووریی، داوایش لە تەواوی لایەنەکانی لیبیا کراوە رەچاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ بکەن.
هۆشداریش دراوە لەوەی کە بە بەکارهێنانی نەوتی خاو و سەرچاوە سروشتییەکانی دیکەی ئەو وڵاتە پشتیوانی لە گرووپە چەکدارەکان و تۆڕەکانی ئەنجامدانی تاوان دەکرێت، داوا لە وڵاتانی ئەندام کراوە بەتەواوی پابەند بن بەو گەمارۆیەی خراوەتە سەر لیبیا بۆ ئەوەی چەک بۆ لایەنە شەڕکەرەکان نەنێردرێت و ئەو وڵاتانە لە شەڕوپێکدادانەکانی لیبیاوە نەگلێن، یاخود نەبنە هۆی توندتربوونی شەڕوپێکدادانەکان.
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکەدا، باس لە گرنگی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئاگربەستی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ واژووی لەسەر کراوە و بە پێویست زاندراوە، تەواوی هێزە بیانییەکان و سەربازە بەکرێگیراوەکان لە لیبیا بکشێندرێنەوە.