ئەنجوومەنی ئاسایش بانگەوازێکی ئاراستەی ئەمریکا و ئێران کرد
- ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی ئاراستەی ئەمریکا و ئێران کرد و داوای کرد کە بە گفتوگۆ و دانوستان گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
New York
نیویۆرک ــ AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بانگەوازێکی ئاراستەی ئەمریکا و ئێران کرد و داوای کرد بە گفتوگۆ و دانوستان گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
دوێنێ دووشەممە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دانیشتنێکی داخراوی لەسەر داوای ئەمریکا سەبارەت بە ئێران ساز کرد و دوای دانیشتنەکەش سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایش و باڵیۆزی کوێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مەنسور عتێبی بۆ رۆژنامەوانان دوا.
مەنسور عتێبی گوتی: "لە دانیشتنەکەدا، ئەنجوومەنی ئاسایش ئیدانەی ئەو ھێرشانەی کرد کە لە ماوەکانی رابردوودا کرانە سەر کەشتییە نەوت ھەڵگرەکان لە کەنداو، ھەروەھا ئەنجوومەن ئەو ھێرشانەی بە ھەڕەشە و مەترسی بۆسەر ئاسایشی گواستنەوەی نەوت لە کەنداو لەقەڵەمداوە".
پێشتر ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی لە ناوچەی کەنداو بە تایبەتیش سعوودیە، ئێران-یان بەوە تۆمەتبارکرد بەوەی کە لە پشت ئەنجامدانی ئەو ھێرشانەوەیە کە لە ماوەکانی رابردوودا کرانە سەر کەشتییە نەوت ھەڵگرەکان لە کەنداو.
سەرۆکی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایش، مەنسور عتێبی ئاشکرایشیکرد کە لە دانیشتنەکەدا، ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش بانگەوازێکیان ئاراستەی ئەمریکا و ئێران کردووە کە بە گفتوگۆ و دانوستان، گرژیی و ناکۆکییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مەجید تەخت رەوانچی ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد کە رێگەی پێنەداوە بەشداری دانیشتنەکە بکات.
مەجید تەخت رەوانچی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لە بەردەوامی ھەڕەشە و تۆقاندنەکاندا، گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا ساز ناکەین".
باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، مەجید تەخت رەوانچی ئەوەشی گوت "چۆن لەگەڵ کەسێکی شێتدا (سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ) گفتوگۆ و دانوستان بکەین کە لە لایەک داوای گفتوگۆ دەکات و لە لایەکی دیکیشەوە سزای زیاتر بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت".
دوێنێ دووشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارنامەیەکی سەرۆکایەتی واژوو کرد و تیادا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند و سزاکانیش رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، عەلی خامنەیی گرتووەتەوە.