Mücahit Oktay
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2022
نیویۆرک – AA
رۆبەرت ئی. کریمۆ کە لە میانی بەرزڕاگرتنی رۆژی سەربەخۆیی ئەمریکا لە چواری تەمووز هێرشێکی چەکداری ئەنجام دا لە ناوچەی پارکی هایلاند لە ویلایەتی ئیلینۆی و بەهۆی هێرشەکەوە حەوت کەس کوژران و زیاتر لە ٣٠ کەسیش برینداربوون، بە ئەنجامدانی کوشتنی پلە یەک تۆمەتبار کرا.
سەرۆکی داواکاری گشتیی ویلایەتی ئیلینۆی، ئەریک راینهارت بە میدیاکارانی راگەیاند کە کریمۆ بە حەوت جار ئەنجامدانی کوشتنی پلە یەک تۆمەتبار کراوە و بە ئاماژەدان بەوەی کە وا پێناسەی هێرشەکە کراوە کە "پێشتر بەرنامەی بۆ داڕێژراوە و لێکدانەوەی بۆ کراوە"، گوتی: "ئەمە تەنها یەکێکە لەو تۆمەتبارکردنانە کە لە دۆسیەی لێکۆڵینەوەدا ئاماژەیان پێ دەدرێت".

جێگری سەرۆکی نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتی ناوچەی لەیک، کریستۆفەر کۆڤێڵی ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی تۆمارکردنی سکاڵا لەسەری لە ئەیلوولی ٢٠١٩ هەڵکوتراوەتە سەر ماڵی ئەو تۆمەتبارە تەمەن ٢٢ ساڵە.
کریستۆفەر کۆڤێڵی ئاماژەی بەوە دا کە کریمۆ هەڕەشەی کوشتنی لە تەواوی ئەندامانی خانەوادەیەک کردووە.
هەروەها تۆمەتبار لە کاتی جیاوازدا، پێنج چەکی دەست خستووە، جگە لە مانەیش لە ماڵەکەیدا دەست بەسەر ژمارەیەک ئامێری دەم تیژ بۆ نموونە ١٦ چەقۆ، یەک خەنجەر و یەک شیردا گیراوە.

جەختیش لەوە کراوەتەوە کە نزیکەی پێنج مانگ لەمەوبەر، تۆمەتبار هەوڵی خۆکوشتنی داوە.
هەمان رۆژی ئەنجامدانی هێرشەکە، تۆمەتبار بە دووری هەشت کیلۆمەتر لە شوێنی رووداوەکە لە کاتێکدا هەوڵی دەدا بە ئۆتۆمبێلەکەی هەڵ بێت، دەستگیر کرا.
