22 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 23 شوبات 2021
هەولێر - AA
دوای تێپەڕبوونی حەوت رۆژ بەسەر هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە بریندارانی هێرشەکە گیانی لەدەستدا.
وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە مەراسیمی دەستبەکاربوونی پارێزگاری نوێی هەولێر بۆی رێکخرابوو رایگەیاند "بەداخەوە یەکێک لە بریندارەکانی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر گیانی لەدەستدا و هیوای چاکبوونەوەش بۆ ئەو کەسانە دەخوازین کە لە رووداوەکەدا برینداربوون".
گوتیشی: "بەداخەوە چەند کەسێک سوودیان لەو مامەڵە باشە وەرگرت کە لە بازگەکان لەگەڵیان کراوە، بەشێک لەوانە دزەیان کردووەتە نێو هەولێر و بووە هۆی ئەوەی کە مووشەک ئاراستەی چەند گەڕەکێکی هەولێر و فڕۆکەخانەی هەولێر بکرێت، ئێمە لێژنەیەکمان بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی عێراق پێکهێناوە و هیوادارین برایانمان لە حکوومەتی عێراق ئەوانەی تاوانبارن دەستگیریان بکەن و بە سزای یاسای خۆیان بگەیێندرێن".
بەپێی زانیارییەکان ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی نەواف راشدە و تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی پارێزگای سەڵاحەددین-ە و لە هەولێر نیشتەجێیە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٢ی شوبات بەهۆی سەختی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.