Zana Natık Kerem
13 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 14 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی پێشوازیی لە باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ماتیۆ تولەر کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوی کردەوە کە لە دیدارەکەدا، لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات گفتوگۆکراوە، ھەروەھا چۆنیەتی پتەوترکردنی ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە ئابووریی و ئەمنییەکان تاوتوێ کراوە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی دیدارەکەدا، باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ماتیۆ تولەر جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە وڵاتەکەی بەردەوام پاڵپشتیی ھێزە عێراقییەکان دەکات، بەتایبەتیش لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە لە میانی دیدارەکەدا، دوا پێشھاتە سیاسییەکان لە عێراق و ناوچەکە، لەگەڵ ژمارەیەک پرس کە جێگای گرنگی ھاوبەشی ھەردوو وڵات بوون، خراوەنەتە بەرباس.