Abdullah Shukur
30 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 08 ئاب 2017
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین رایگەیاند کە ئەمریکا ٧٥٥ دیپلۆماتکاری خۆی لە رووسیا کەم دەکاتەوە.
پوتین لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ھەواڵی Vesti.ruی رووسی ھەڵسەنگاندنی بۆ داوای وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە ئەمریکا لەمەڕ کەمکردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتکارەکانی لە رووسیا کرد.
پوتین ئەوەی بەبیرھێنایەوە کە ئەمریکا زیاتر لە ھەزار دیپلۆماتکاری لە رووسیا ھەیە. گوتیشی: "ھیوامان ھەبوو بەوەی کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ رووسیا بەرەو باشتر بچێت، بەڵام ھیچ ئاماژەیەک نییە بۆ چاکبوونەوەی پەیوەندییەکان لە داھاتوویەکی نزیکدا ".
پوتین رایگەیاند کە ئەمریکا ٧٥٥ دیپلۆماتکاری خۆی لە رووسیا کەمدەکاتەوە. گوتیشی: "بەم پێیەش ژمارەی دیپلۆماتکارانی ئەمریکی لە رووسیا یەکسان دەبێت بە ژمارەی دیپلۆماتکارانی رووسی لە ئەمریکا. بەم پێیەش ھەردوولا ٤٥٠ دیپلۆماتکاریان دەبێت".
پوتین ئاماژەی بەوەشدا کە قەبارەی بازرگانی نێوان رووسیا و ئەمریکا لە چاو قەبارەی بازرگانی رووسیا لەگەڵ چین و یەکێتی ئەورووپا زۆر کەمترە. گوتیشی: "ھەڵسەنگاندنمان لەبارەی گرتنەبەری یان نەگرتنەبەری رێوشوێنی ئابووری بەرامبەر ئەمریکا بەردەوامە. بەڵام سەرەڕای ھەبوونی توانا و دەرفەتێکی زۆر، قەبارەی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات زۆر کەمە".
پوتین ئاماژەی بەوەش دا کە ھاوکاریکردنی ھەردوو وڵات لە سووریا یەکێکە لە بنەما گرنگەکانی ھەماھەنگی نێوان رووسیا و ئەمریکا. ئاشکراشی کرد کە کەمکردنەوەی بارگرژی لە سووریا بەرھەمی کاری ھاوبەشی نێوان وڵاتەکەی و ئەمریکایە.
وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رۆژی ھەینی رابردوو رایگەیاندبوو کە بەرامبەر ئەو گەماڕۆیانەی بڕیارە بەسەر رووسیا بسەپێنرێت، داوای لە ئەمریکا کردبوو کە ژمارەی دیبلۆماتکارانی خۆی لە رووسیا کەمبکاتەوە بۆ ٤٥٥ کەس کە یەکسانە بە ژمارەی دیبلۆماتکارانی رووسیا لە وڵاتی ئەمریکا. داواشی کردبوو کە ئەو کۆگایانە و ئەو خانووەی لە شاری مۆسکۆ لە لایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو شارە بەکاردەھات، ئیتر بەکارنەھێنرێت.