Dildar Baykan
12 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
لە ئەمریکا وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا بە وەکالەت، جاد وۆڵف دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند.
دوای هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە شەشی کانوونی دووەمدا، دەستلەکارکێشانەوە لە کۆشکی سپی و کابینەکەی ترەمپ درێژەی هەیە.
وۆڵف کە پۆستی وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکای بە وەکالەت بەڕێوەدەبرد، لە روونکردنەوەیەکدا باسی لەوە کرد کە لە نیوە شەوەوە وازی لە پۆستەکەی هێناوە.
جاد وۆڵف کە بڕیاربوو لە باری ئاساییدا تا ٢٠ی کانوونی دووەم لەگەڵ دەستبەکاربوونی جۆ بایدندا لەسەر پۆستەکەی بەردەوام بێت، بە هۆی رووداوەکانی ئەم دواییەوە بڕیاری دەستلەکارکێشانەوەی دەرکردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرۆکی ئاژانسی ئیدارەی باری لەناکاوی فیدراڵی، پیت گاینۆر پۆستەکەی بەڕێوەدەبات.
لە پاش هەڵکوتانە سەر کۆنگرێسی ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا، ئێڵاین چاو و وەزیری پەروەردە، بێستی دیڤۆس دەستیان لەکارکێشایەوە.