Dilara Zengin
27 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
بەهۆی دەستەبەرکردنی پشتیوانی دارایی بۆ فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران، حکوومەتی ئەمریکا ژمارەیەک بەرپرسی ئێرانی خستە لیستی سزاکانییەوە کە وەزارەتی نەوتی ئێران، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئێران (NIOC) و کۆمپانیای گواستنەوەی نیشتمانیی ئێران (NITC) و وەزیری نەوتی ئێران، بیژەن زەنگەنە-یان لەنێودایە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە نووسینگەی چاودێرییکردنی سامانی بیانیی (OFAC)، سزا بەسەر وەزارەتی نەوتی ئێران، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی ئێران، کۆمپانیای گواستنەوەی نیشتمانیی ئێران و زیاتر لە یەک دامەزراوە و کەسدا دەسەپێنێت.
لەو چوارچێوەیەشدا، بەرپرسانی باڵای ئەو دامەزراوانە خرانە لیستی سزاکانەوە کە وەزیری نەوتی ئێران، بیژەن زەنگەنە-یان لەنێودایە.
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ئەو سزایانە ئەوانەی کردووەتە ئامانج کە نەوت دەستەبەر دەکەن بۆ دەستخستنی داهات بۆ فەیلەقی قودس سەربە سوپای پاسداران.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکادا باس لەوە کراوە لە کاتێکی نزیکدا چوار کەس کە پەیوەندیان هەبووە بە فرۆشتنی نەوتی ئێران بە ڤێینزوێلا دەخەنە لیستی سزاکانەوە.
لە لایەکی دیکەوە، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، ستیڤن منوجین لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کرد کە رژێمی ئێران کەرتی نەوتی بەکارهێناوە بۆ دەستەبەرکردنی دارایی بۆ چالاکییە تێکدەرەکانی فەیلەقی قودس.
راشیگەیاند ''رژێمی ئێران، ئەو پشتیوانیەی لە رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرنامەی ئەتۆمی دەکات، بە پشتگوێخستنی پێداویستییەکانی گەلی ئێران کردوونی بە کاری لەپێشینەی''.