Hakan Çopur
15 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2022
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس ئاماژەی بەوە دا کە تا ئێستاش هەل هەیە بۆ ئەوەی قەیرانی ئۆکراینا بە رێگای دیپلۆماسیی چارەسەر بکرێت و رایگەیاند "ئێمە ناڵێین کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پۆتن بڕیاری کۆتایی داوە. هێشتا دەلاقەیەک ماوە بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە بە رێگای دیپلۆماسیی چارەسەر بکرێت، بەڵام رووسیا لە دۆخێکدایە کە دەشێت لە بەرامبەر ئەگەری بڕیاری سیاسییدا هەڵوێستی پەلاماردەرانە بەرامبەر بە ئۆکراینا بنوێنێت".
نێد پرایس لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەیدا، باسی لە زیادبوونی گرژییەکانی ئۆکراینا و رەهەندی دیپلۆماسیی قۆناغەکە کرد، جەختی لەوەش کردەوە کە رووسیا زیاتر لە ١٠٠ هەزار سەربازی بردوەتە سەر سنووری رووسیا و هیچ ئەستۆپاکییەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە مۆسکۆ بەدیناکرێت.
دەربارەی ئەو هەواڵانەش کە لە بەشێکی راگەیاندنەکانی ئەمریکادا بڵاوبوونەتەوە و باس لەوە دەکەن کە "ئەگەری هەیە لە ١٦ی شوباتدا داگیرکارییەکە دەست پێ بکات"، نێد پرایس ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئاستەمە بتواندرێت بەروارێک دیاریی بکرێت، تا ئێستاش رووسیا بڕیاری کۆتایی نەداوە بۆ ئەنجامدانی هێرش، بەڵام هیچ هەنگاوێکیشی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لێبەدی ناکرێت.
پرایس گوتیشی: "ئێمە ناڵێین کە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بڕیاری کۆتایی داوە. هێشتا دەلاقەیەک ماوە بۆ ئەوەی ئەم قەیرانە بە رێگای دیپلۆماسیی چارەسەر بکرێت، بەڵام رووسیا لە دۆخێکدایە کە دەشێت لە بەرامبەر ئەگەری بڕیاری سیاسییدا هەڵوێستی پەلاماردەرانە بەرامبەر بە ئۆکراینا بنوێنێت".
ناوبراو هۆشداری لەوەیش دا کە ئەگەر پۆتن لە رووی سیاسییەوە بڕیاری داگیرکاریی بدات ئەوا لە ماوەیەکی کەمدا هێرشەکان دەست پێ دەکات و لە وەها دۆخێکیشدا رووسیا بەرپرسیار دەبێت لە باجێکی مرۆیی گەورە.
نێد پرایس داواشی لە مۆسکۆ کرد ئەو دەلاقەیە بەکاربهێنێت کە تا ئێستا بۆ گرتنەبەری رێگای دیپلۆماسی ماوە، چونکە ئەگەر رێگای سەربازی بگرێتەبەر ئەوا سزای زۆر قەرس دەخرێتە سەر حکوومەتی مۆسکۆ.
گوتەبێژەکەی ئەمریکا لە بارەی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەشی لە شاری کیێڤ-ەوە بۆ شاری لڤیڤ رایگەیاند "ئەمە رێوشوێنێکە لە بەرامبەر ئەگەری روودانی هەر هێرشێکدا گرتوومانەتەبەر".