Ramal Abdullah Mahmood
17 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان – AA
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرس رایگەیاند کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ رێکخراوەکەیان کە لە بوودجەی وڵاتانی دیکەی ئەندام زیاترە بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر چالاکییەکانیان.
پڕۆژەیاسای بوودجەی ٢٠١٨ی ئەمریکا داوای کەمکردنەوەی بوودجەی تەرخانکراو بۆ وەزارەتی دەرەوە و هاوکارییەکانی دەرەوە بە رێژەی لە سەدا ٢٨ دەکات. هەرچەندە تاکو ئێستا رێژەی ئەو کەمکردنەوەیە دیاری نەکراوە بەڵام کاریگەری نەرێنی دەکاتە سەر رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوەکانی سەر بەو رێکخراوە.
گوتەبێژی بەناوی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ستیفان دوجاریک لەمبارەیەوە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند کە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرس سوپاسگوزاری ئەمریکایە بەهۆی هاوکارییەکانی بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان، گوتی: "سکرتێری گشتیی لەو باوەڕەدایە بۆ ئەوەی بەباشترین و کاریگەرترین شێوە سەرچاوەکانی داهات بەکار بهێنرێن پێویستە چاکسازی ئەنجام بدرێت. بڕینی بەشێکی هاوکاری سندووقەکان قۆناغی راگوزەری چارەسەرەکان سەختتر دەکات و زیان دەگەیەنێت بە چاکسازییە درێژ مەوداکان".
لە سەدا ٢٢ی بوودجەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکاوە دابین دەکرێت کە نزیکەی پێنج ملیار و ٦٠٠ هەزار ملیۆن دۆلارە. جیا لەوەش ئەمریکا زیاتر لە بڕی سێ ملیار دۆلار هاوکاری ژمارەیەک دامەزراوەی وەک ئۆپەراسیۆنەکانی هێزی ئاشتی، رێکخراوی تەندروستی جیهانی و یونسێفی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
دابینکردنی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ژمارەیەک دامەزراوەی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن ئەمریکاوە، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو دامەزراوانە بکەونە ژێر هەژموونی سیاسیی ئەمریکا.