Kasım İleri
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2022
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نیگەرانی خۆی لەهەمبەر رووداوەکانی کۆماری خۆبەڕێوەبەری کاراکالپاکیستان سەربە ئۆزبەکستان دەربڕی و داوای لە لایەنەکان کرد خۆیان بەدووربگرن لە توندوتیژی.
لەو بارەیەوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە ''ئەمریکا نیگەرانە لە رووداوەکانی ئەم دواییەی کاراکالپاکستان و داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات بە رێگای ئاشتییانە گرژییەکان چارەسەر بکەن و خۆیان لە توندوتیژی بە دوور بگرن''.
لە بەیاننامەکەدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی ئەو کەسانە کراوە کە لە رووداوەکاندا گیانیان لەدەستداوە و ئاماژە بەوە کراوە کە حکوومەتی واشنتۆن پشتیوانی لە هەوڵەکانی ئۆزبەکستان دەکات بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی.
لە بەیاننامەکەدا، هەروەها هاتووە ''داوا لە بەرپرسانی ئۆزبەکستان دەکەین لەژێر بەرپرسیارێتیە نێودەوڵەتییەکان و بەڵێنەکانیدا، هەموو مافە بنەڕەتییەکان بە کۆبوونەوەی ئاشتییانە و مافی رادەربڕینەوە بپارێزێت. داوا لە بەرپرسان دەکەین بەشێوەیەکی گونجاو لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لێکۆڵینەوەیەکی تەواو، جێ متمانە و شەفاف لەبارەی توندوتیژیەکان ئەنجام بدەن. ئەمریکا پشتیوانی لە سەروەری، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆزبەکستان دەکات''.
دوای ئەوەی چەند پرۆژە یاسایەک لەبارەی گۆڕینی ماددەکانی پەیوەست بە پێگەی کۆماری خۆبەڕێوەبەری کاراکالپاکستان لە دەستووری ئۆزبەکستاندا بووە رۆژەڤ لە یەکی تەمووزدا لە کاراکالپاکستان خۆپیشاندان ئەنجامدرا.
بەهۆی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانەوە سەرکۆماری ئۆزبەکستان، شەوکەت میرزیۆیێڤ بە دەرکردنی بڕیارنامەیەک تا دووی ئاب باری لەناکاوی لە کاراکالپاکستان راگەیاند.
سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئۆزبەکستان، ئاماژەی بەوە کرد کە لەو رووداوانەی روویانداوە، ١٨ کەس گیانیان لەدەستداوە، ٢٤٣ کەس برینداربوون و ٥١٦ کەسیش دەستگیرکراون.