Zana Natık Kerem
06 تەمووز 2022•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2022
ھەولێر ــ AA
ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا سەربە پارتی کۆماریی، سیناتۆر لیندسی گراھام رایگەیاند کە عێراق کرنگترین ھاوبەشە ستراتیجییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راگەیەندراوێکی لەبارەی سەردانەکەی لیندسی گراھام بۆ بەغدا و ھەولێر بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "سیناتۆر لیندسی گراھام لە رۆژانی چوار و پێنجی تەمووزی ٢٠٢٢ سەردانی عێراقی کرد، ئەوەیش بە ئامانجی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی عێراق، ھەروەھا گفتوگۆکردن لەبارەی ھاریکارییە سیاسیی، ئابووریی، مرۆیی و ئەمنییەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان".
ئاماژەی بەوەیش داوە کە لیندسی گراھام بە یاوەری باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی لە رۆژی چواری تەمووزدا بە جیا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح، ھەروەھا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی کۆبوویەوە و لە رۆژی پێنجی تەمووزیشدا، لیندسی گراھام و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی سەردانی ھەولێریان کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە.
راشیگەیاندووە کە ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، سیناتۆر لیندسی گراھام پاڵپشتی خۆی بۆ کارە لەپێشنە ستراتیجییەکانی ئەمریکا لە عێراق لە رووی پتەوترکردنی سەقامگیریی و گەشەی ئابووریی، پتەوترکردنی سیستەمی دیموکراسیی و حکومڕانی، ھەروەھا دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەروەریی راگەیاندووە.
باسی لەوەش کردووە کە لیندسی گراھام جەختی کردووەتەوە لەسەر پابەندبوونی ئەمریکا بەرامبەر بە عێراق و رایگەیاندووە کە عێراق کرنگترین ھاوبەشە ستراتیجییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا تیشکی خستووەتەسەر گرنگی پتەوترکردنی پڕۆسەی دیموکراسیی لە عێراق، ھەروەھا باسی لەوە کردووە کە لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی ستراتیجییدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ھەوڵدەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق پتەوتر بکات لەنێویاندا پێشکەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان، بەدیھێنانی سەقامگیریی و ھاریکاریی ئابووریی، سەرخستنی ھەوڵەکان بۆ لەناوبردنی گەندەڵی، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، ھەورەھا بەھێزکردنی توانای ئافرەتان و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمیی و کولتووریی.
رۆژی چواری تەمووزی ٢٠٢٢ ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، سیناتۆر لیندسی گراھام بەسەردانێک گەیشتە بەغدا و بە جیا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ساڵح و سەرۆکوەزیران، مستەفا کازمی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی کۆبوویەوە.
رۆژی پێنجی تەمووزی ٢٠٢٢، سیناتۆر لیندسی گراھام بە یاوەری باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆسکی سەردانی ھەولێری کرد و لە میانیدا لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کۆبوویەوە.