Mehmet Alaca
12 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2022
واشنتۆن - AA
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، پڕۆژەیاسای پێدانی "مەدالیای زێڕی کۆنگرێس"ی بە قوربانی دەستی نەژادپەرستی، ئێمێت تیڵ و دایکی "مامی تیڵ" پەسەند کرد.
هەردوو سیناتۆر، کۆری بووکەر و ریچارد بوور، پڕۆژەیاسای پێدانی بەرزترین مەدالیای رێزلێنانی مەدەنییان بە تیڵ و دایکی ناساند.
ئەم پڕۆژەیاسایەش وەک رێزلێنانێکی درەنگکەوتوو لەو ئازار و نادادپەروەرییە وەسف کرا کە رووبەڕووی خێزانی تیڵ بووەتەوە.
ئێمێت تیڵی تەمەن ١٤ ساڵ، هاووڵاتییەکی رەشپێستی خەڵکی شاری شیکاگۆ بوو کە لە ساڵی ١٩٥٥دا لە ویلایەتی میسیسیپی بە بانگەشەی ئەوەی فیکەی بۆ ژنێکی سپیپێست لێداوە رفێندرا. دواتریش ئەشکەنجە درا و کوژرا.
دایکی تیڵ لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی کوڕەکەیدا، سوور بوو لەسەر ئەوەی کە تابوتێکی کراوەی بۆ دروست بکرێت، بڵاوبوونەوەی وێنەی جەستەی ئەشکەنجەدراوی ئەو مێردمنداڵەش لە گۆڤاری جێتدا، داکۆکیکارانی مافی مرۆڤی لە ئەمریکا هێنایە سەر هێڵ.