Dildar Baykan
27 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2020
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئەوەی ئاشکرا کرد ئەگەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردن سەرکەوتنی جۆ بایدن لە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتییەکەی ئەمریکا رابگەیەنێت، ئەوا ئامادەیە کۆشکی سپی جێبهێڵێت.
ترەمپ دوای ئەوەی بەبۆنەی "رۆژی سوپاس"ەوە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکی لەگەڵ سەربازە ئەمریکییەکانی دەرەوەی وڵات ئەنجامدا، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و بانگەشەی ئەوەی کرد کە لەراستیدا پارتی کۆمار لە هەڵبژاردنەکاندا بردویەتییەوە چونکە پارتی دیموکرات ساختەکاری و فێڵی کردوە.
ترەمپ رایگەیاند "من شتێک دەزانم ئەویش ئەوەیە کە لە راستیدا جۆ بایدن ٨٠ ملیۆن دەنگی بەدەستنەهێناوە و لە هەمان کاتدا ژمارە پێوانەییەکەی باراک ئۆباما-ی بۆ بەدەستهێنانی دەنگی رەشپێستەکان نەشکاندوە.
سەرۆکی ئەمریکا پرسیاری ئەوەشی لێکرا کە "ئایا لە ئەگەری راگەیاندنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی نوێی ئەمریکا، ئامادەیە دەستبەرداری پۆستەکەی ببێت یان نا؟" ناوبراو لە وەڵامدا گوتی: "قبوڵ کردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کارێکی سەختە چونکە ساختەکارییەکی زۆر ئەنجامدراوە. هەربۆیە ئەگەر کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، بایدن وەک سەرۆکی نوێ رابگەیەنێت، کارێکی هەڵە دەکات، بەڵام بێگومان ئەگەر شتی وا روو بدات ئەوا من کۆشکی سپی بەجێدێڵم".
ترەمپ، سووربوو لەسەر ئەوەی کە پارتی دیموکرات ساختەکاری ئەنجامداوە و رایگەیاند "لەڕووی ژێرخانی سیستمی هەڵبژاردنەوە، وەک وڵاتێکی جیهانی سێیەم واین".
جێی ئاماژەیە سەرجەم ویلایەتەکانی ئەمریکا خاوەنی ٥٣٨ کورسی نوێنەرایەتین و هەر کاندیدێک بتوانێت زیاتر لە ٢٧٠ کورسی بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆکی ئەو وڵاتە.
بەگوێرەی ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنەکانی سێی تشرینی دووەم. بایدن ٣٠٦ کورسی و ترەمپ ٢٣٢ کورسی بەدەستهێناوە.
بەڵام ترەمپ ئەم ئەنجامانەی قبوڵ نییە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە بەهۆی ئەوەی ساختەکاری ئەنجامدراوە رێگای یاسایی دەگرێتەبەر.