Tuğçenur Akgün
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2023
نیویۆرک – AA
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر لەبارەی ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی رووسیا و ئۆکراینا لە وێستگەی ئەتۆمیی زاپۆریژییا ئاماژەی بەوە دا کە ماوەیەکە لە نزیکەوە چاودێری هەلومەرجی وێستگەکە دەکەن، بە پێویستی زانی پێکدادان لە نزیک وێستگەکە روو نەدات.
کارین جان پیێر لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا، ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی لەبارەی وەرگرتنی ئۆکراینا بە ئەندام لە ناتۆ پشتیوانی لە سیاسەتی دەرگای کراوە دەکات، بەڵام پێویستە بڕیارێکی لەم جۆرە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە بدرێت.
گوتەبێژی رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی، کارین جان پیێر لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی لێدوانەکانی سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی کە ئاماژەی بەوە دابوو سوپای رووسیا کۆمەڵێک ماددەی وەک تەقەمەنی لە میچی ژمارەیەک یەکەی هێزی وێستگەکە جێگیر کردووە، گوتی: "ماوەیەکە لە نزیکەوە چاودێری هەلومەرجی وێستگەکە دەکەین، پێویستە پێکدادان لە نزیک وێستگەکە روو نەدات. زانیارییەکی نوێ نییە لەبارەی دوا پێشهاتەکانی وێستگەکە".
کارین جان پیێر سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هانی تورکیا و هەنگاریا دەدەن بۆ ئەوەی بە نزیکترین کات رەزامەندی دەرببڕن لەوەی سوید ببێت بە ئەندام و گوتی: "سوید تەواوی ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ کردوون کە لە میانی یاداشتنامەی سێقۆڵیدا دابوونی. سوید هاوبەشێکی بەرگریی بەهێز و بەتوانایە کە رۆڵی هەیە لە پاراستنی ئاسایشی ئەورووپا و ناتۆ بەهێزتر دەکات".