Aliia Raimbekova
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2023
کیێڤ - AA
وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا، ئیگۆر کلیمێنکۆ رایگەیاند لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی مووشەکێکی رووسیا لەسەر باڵەخانەیەک لە شاری لڤیڤ، چوار کەس گیانیان لەدەست دا و نۆ کەسیش بریندار بوون.
ئیگۆر کلیمێنکۆ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند کە شەوی رابردوو سوپای رووسیا هێرشێکی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی ئەنجامداوە.
کلیمێنکۆ بە ئاماژەدان بەوەی کە لە شاری لڤیڤ مووشەکەکەی رووسیا بەر باڵەخانەیەک کەوتووە، رایگەیاند کە نهۆمی سێیەم و چوارەمی باڵەخانەکە زیانی بەرکەوتووە.
وەزیری ناوخۆی ئۆکراینا تیشکی خستەسەر ئەوەی کە هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن لە شوێنی رووداوەکە بەردەوامن و رایگەیاند: "تا کاتژمێر ٠٧:٠٠، تەرمی چوار کەس دۆزراوەتەوە، نۆ کەس بریندار بوون و حەوت کەسیش رزگار کران، هاوکات ٦٤ کەس باڵەخانەکەیان بەجێهێشتووە".
ئیگۆر کلیمێنکۆ راشیگەیاند کە رەنگە ژمارەیەک کەس هەبن لەژێر داروپەردوودا گیریان خوارد بێت.
سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا رایگەیاند کە رووسیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، پێنج هێرشی ئاسمانیی بۆسەر خاکی ئۆکراینا ئەنجامداوە و سەرجەم ئامانجەکانیش لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە وەڵام دراونەتەوە.