Muhammet Ali Kemal
04 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2017
واشنتۆن - AA
بەمەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی هاوکارییەکانی بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری رەققە، ئەمریکا فڕۆکەخانەیەکی نزیک شاری کۆبانێی لە باکووری سووریا، فراوان کرد.
لە بنکەی ئاسمانیی ئاندروس لە ویلایەتی ماریلاند، جەنەراڵ کارڵتن ئێڤەرهارت زانیاریی دایە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکانی فەرماندەیی گواستنەوەی ئاسمانیی وڵاتەکەی و ئاماژەی بەوەکرد ژمارەیەک لە یەکەکانی سەربە فەرماندەییەکە لە گۆڕەپانی جەنگدا لە سووریا، هاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش دەکەن و ئاشکراشی کرد لە باکووری سووریا فڕۆکەخانەیەکیان فراوان کردووە.
جەنەراڵ کارڵتن ئێڤەرهارت جەختی لەوەکردووەتەوە، ئەو فڕۆکەخانەیە لە رووی گواستنەوەی پێداویستیی، کەلوپەل و سەرباز و کارمەندەوە رۆڵێكی گرنگی هەیە.
هاوکات گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (CENTCOM)، کۆڵۆنێڵ جۆن تۆماس لە لێدوانێکدا بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند ئەو فڕۆکەخانەیەی باسکراوە، فڕۆکەخانەیەکە لە نزیک کۆبانێ و 90 کیلۆمەتر لە شاری رەققەوە دوورە.
جۆن تۆماس سەبارەت بە فڕۆکەخانەکە رایگەیاند ''دەبێتە فڕۆکەخانەیەکی دیکە کە فڕۆکە و ئامێرە سەربازییەکان دەتوانن لێیەوە بفڕن بەمەبەستی پیشکەشکردنی پشتیوانیی لەلایەن ئەمریکا و هێزەکانی دیکەی نێو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، لە کۆنترۆڵکردنەوەی رەققەدا''.
تۆماس ئاشکرای کرد بەرلە درووستکردنی ئەو فڕۆکەخانەیە لە نزیک کۆبانێ، هێزەکانی ئەمریکا هەریەک لە بنکە سەربازییەکانی هەشتەمی فڕۆکە جەنگییەکان لە دیاربەکر و ئینجیرلیکیان لە ئادانا بەکاردەهێنا بەڵام ئەو فڕۆکەخانەیە ''وادەکات هەموو شتەکان لە گۆڕەپانی جەنگەوە نزیکتر بن''.
- ''ناتوانرێت فڕۆکەخانە لەلایەن داعشەوە بە ئامانج بگیرێت''
ساڵی رابردووش دەنگۆکانی پەیوەست بە فڕۆکەخانەکە باسکرابوون و ببوونە بابەتی رۆژەڤ، بەڵام ئەمریکا سەرلەبەری دەنگۆکانی رەتکردبوویەوە. لەبەرامبەر ئەوەشدا میدیای ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردووە بەمەبەستی فراوانکردنی فڕۆکەخانەکە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو سەربازە ئەمریکییەکان بە فڕۆکەیەکی گواستنەوە لە جۆری C-130، لە فڕۆکەخانەکە دابەزیون.
گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا تیشکی خستە سەر ئەوەی فڕۆکەخانەکە بەشێوەیەک فراوان کراوە، رێکخراوە و شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکەکانی تێیدا ئامادەکراون کە نەک تەنها فڕۆکەی جۆری C-130 بەڵکو فڕۆکەی جۆری C-17 دەتوانن تێیدا بنیشنەوە.
جۆن تۆماس جەختی لەوەکردەوە فڕۆکەخانەکە دوورە لە مەودای بۆردومانکردن لەلایەن داعشەوە و رێکخراوەکە ناتوانێت بەهۆی دوورییەوە مووشەکی ئاراستە بکات، راشیگەیاند ''ئەو شوێنی نیشتنەوەیەی لە نزیک کۆبانێ درووستکراوە بۆ ئۆپەراسیۆنی رەققە و ئەو شوێنی نیشتنەوەیەی لە گەیارە درووستکراوە بۆ ئۆپەراسیۆنی مووسڵ، هاوشێوەی یەکترن، هەردووکیان ناکەونە مەودای بۆردومانکردن لەلایەن رێکخراوەکەوە و هەردووکیان لە گۆڕەپانی جەنگەوە نزیکن''.