Raşa Evrensel,Said İbicioğlu
13 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2022
ئیستانبوڵ - (AA)
دوابەدوای زیادبوونی هێرشی حووسییەکان لە ماوەی رابردوودا، چەند فڕۆكەیەکی جەنگیی جۆری "F-22" کە لەلایەن ئەمریکاوە نێردرابوو، گەییشتە ئیمارات.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵیی (Associated Press)، فڕۆکەکان لە بنکەی ئاسمانیی زەفرە لە ئەبوزەبی کە نزیکەی دوو هەزار سەربازی ئەمریکی تێدا جێگر کراوە، نیشتنەوە.
بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی ژمارەی فڕۆکەکانەوە هیچ زانیارییەکیان نەداوە، بەڵام لە یەکێک لە وێنەکاندا کە لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتە بڵاوبووەتەوە لە بنکەکەدا شەش فڕۆکەی "F-22" دەبیندرێت.
فەرماندە لە هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا، جەنەراڵ گریگ گویلۆت لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بوونی ئەو فڕۆکانە دەبێتە پاڵپشتییەک بۆ پارێزگاریکردنی وڵاتەکە (ئیمارات) و گوتیشی: "ئەمریکا و هاوپەیمانانی سووڕن لەسەر بەرقەرارکردنی ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە بەرامبەر بە نەیاران".
هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی ناوبراودا، دوای داگیرکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣، وەک وەڵامدانەوەیەک بەرامبەر بە هێرشەکانی بۆسەر ئیمارات بۆ یەکەمجار مووشەکی پاتریوت-ی بەرامبەر بە حووسییەکان تاقی کردبووەوە.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمریكا (CENTCOM)، جەنەرال كێننیس ماكکێنزی لە هەشتی شوباتدا ئاشکرای کردبوو، دوای ئەم هەفتەیە وڵاتەکەی کاروانێکی فڕۆکەی پێشکەوتوو لە جۆری "F-22" کە بە یەکێک لە باشترین فڕۆکە جەنگییەکان دەناسرێت، رەوانەی ئیمارات دەکات.
جەنەرال كێننیس ماكکێنزی بە ئاماژەدان بەوەی بەم نزیکانە کەشتی جەنگیی زۆر پێشکەوتووش دەنێرن کە توانای بەرگریی هەیە بەرامبەر بە مووشەکی بالیستی، گوتیشی: "لە رێگەی ئەم کەشتییە جەنگییەوە چاودێریی رەوشەکە دەکەین و بەیەکەوە لەگەڵ ئیماراتدا لە نزیکەوە کار دەکەن".
دوای بەدوای پەلامارێکی چەکداریی کە لەلایەن حووسییەکان لە ١٧ی کانوونی دووەمدا بۆسەر ناوچەی موسەففەح لە ئەبوزەبی پایتەختی ئیمارات ئەنجامدرابوو، سێ تانکەری سووتەمەنی تەقییەوە و لە ئەنجامدا، سێ کوژراو و شەش برینداری لێکەوتبووەوە.
حووسیەکان لە ٢٣ و ٣١ی کانوونی دووەمیشدا دوو پەلاماری دیکەیان بۆسەر ئیمارات رێکخستبوو، بەڵام دوای پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانیان لە رێگەی مووشەکی بالیستی و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی، هیچ زەرەر و زیانی گیانی لێ نەکەوتبووەوە.
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە دووی شوباتدا، تێکشکاندنی سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە سنووی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەزاندبوو، راگەیاندبوو.