واشنتۆن - AA
لە کاتێکدا ئەمریکا لەم ساڵانەی رابردوودا، ژمارەی سەربازانی لە زۆرێک لە وڵاتاندا کەمکردووەتەوە و ژمارەیەک لە بنکەکانیشی داخستووە، هێشتا سوپاکەی لە ١٧٢ وڵاتدا بە ژمارەی جیاواز، نزیکەی ٨٠٠ بنکەی سەربازیی و لە دەرەوەی کیشوەری ئەمریکادا، زیاتر لە ٣٢٠ هەزار سەربازیی هەیە.
فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بۆ پنتاگۆن کە تا ١٥ی کانوونی دووەم ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و عێراق کەم بکاتەوە بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز، سەرنجەکانی بۆسەر ئەو بنکانەی ئەمریکا راکێشا کە لە دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هەن.
سوپای ئەمریکا، لەڕووی ستراتیجییەوە لە یەک کاتدا لە دوو ناوچەی جیاوازدا چووەتە دوو جەنگی گەورەوە و بەشێوەیەک ئەو جەنگانە بەڕێوەدەبات کە سەردەکەوێت تیایاندا، بەڵام لە ساڵانی رابردوودا، بەرزبوونەوەی چین و دەرهاویشتە سەربازییە هەرێمییەکانی رووسیا بوونە هۆی ئەوەی ئەمریکا گۆڕانکاری لە ستراتیجییەتی بەرگرییدا بکات.
لە چوارچێوەی بەڵگەنامەی ستراتیجییەتی بەرگریی نیشتیمانیی ٢٠١٨دا، ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە پێشینەی کاری دا بە رکابەری هێزی زۆر گەورە بەرامبەر چین و رووسیا، بەوەیش پنتاگۆن ماوەیەکە کار لەسەر کەمکردنەوەی هێزەکانی دەکات، بەتایبەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا.
لە هەمان کاتدا، بەرپرسانی باڵای سەربازیی زۆرێک لە ناوچەکان بەتایبەتی لە ئەفریقا کشاندەوە و دەستیکرد بە دانانی ئەفسەرانی پلە نزمتر لە جێگەیان.
پنتاگۆن هۆکاری ئەو گۆڕانکاریانەش دەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو سەربازە پلە باڵایانە لەو پێگانەدا بەکاردەهێنێت کە بەتایبەتی دژبە چین دەگیرێنەبەر.
سەرەڕای ئەو گۆڕانکاریانە، هێشتا ئەمریکا لە هەر ناوچەیەکدا، دەیان هەزار سەربازی هەیە.
هەروەها سەدان هەزار سەربازیشی لەسەر کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی و ئەو کەشتییانەی لە ئەرکدان کە یاوەری ئەو کەشتییە فڕۆکەهەڵگرانە دەکەن و راستەوخۆ لە وڵاتێکدا جێگیرنین.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی ئانادۆڵو لە ناوەندی زانیاری هێزی مرۆیی سەربە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەستیکەوتوون، تا ٣٠ ئەیلوول تێکڕا دوو ملیۆن و ٧١٩ هەزار و ٩٥٣ سەربازی یەدەگ و هەمیشەیی لە بنکەکانی ئەمریکادا هەن.
باس لەوەیش دەکرێت کە ئەو سەربازانەی لە دەریاکاندا ئەرکیان هەیە، نەخراونەتە نێو ئەو ژمارەیەوە.
لە لایەکی دیکەوە، زیاتر لە ٣٢٠ هەزار سەربازی ئەمریکا کە حەوت هەزار و ٩٦٢یان پێگەیان نهێنییە لە ١٧٢ وڵاتدا و لە هاوایی و پۆرتۆ ریکۆ کە خاکی ئەمریکان، بوونیان هەیە.
- چین: "لە ناوچەی زەریای هێمن نزیکەی ١٧٥ سەربازی ئەمریکا جێگیرکراون"
دوای ئەوەی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١١ەوە دەستی کرد بە کشانەوەی بەرچاو لە عێراق و ئەفغانستان و گرنگیی دان بە سیاسەتی دەورەدانی چین، ئەو ناوچەیەی کە زۆرترین سەربازی ئەمریکای تیادا جێگیرکراوە، ناوچەی زەریای هێمنە.
لە کاتێدا زۆرترین سەربازی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا کە دوورگەکانی هاوایی-یە، ئەو وڵاتەشی میوانداری زۆرترین سەربازی ئەمریکا دەکات ژاپۆنە.
ئەمریکا لە ژاپۆندا کە وەک بەرەی پێشەوە دژبە چین دەیبینێت ٦٠ هەزار و ٩٢٠ سەربازی هەیە و لە کۆریای باشووریشدا، ٢٩ هەزار و ٢٢٠ سەرباز.
لە دوورگەی گوانتانامۆ کە کۆریای باکوور هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی مووشەکی دەکات بۆ سەری و سوپای ئەمریکاش فڕۆکەی بۆردومانکەری تیادا جێگیرکردووە، ١١ هەزار و ٢٢٠ سەرباز هەن.
لە پاڵ ئەوانەشدا ئەمریکا لە وڵاتانی ناوچەکەدا وەک؛ ئوسترالیا، تایلاند، فلیپین، هیندستان و سینگاپورە نزیکەی دوو هەزار سەربازیی جێگیرکردووە.
بەپێی ئەوەیش، ژمارەی ئەو سەربازانەی ئەمریکا کە وڵاتانی زەریای هێمندا جێگیری کردوون ١٠٣ هەزار سەربازی تێپەڕاندووە.
لە لایەکی دیکەشەوە لە دوورگەکانی هاوایی-یدا کە میوانداری بارەگای هێزەکانی هیند-زەریای هێمن دەکات و خاڵێکی گرنگە لە رووی بەرەی چین، ٧١ هەزار و ١١٢ سەرباز هەن.
- لە ئەورووپادا زیاتر لە ٧٠ هەزار سەربازی ئەمریکا هەیە
ئەمریکا لە ئەورووپادا بەهۆی ناتۆوە کە پەناگەیەکی ستراتیجییە ژمارەیەکی بەرچاو سەربازی جێگیرکردووە.
حکوومەتی ئەمریکا لە مانگەکانی رابردوودا، بڕیاریدا ژمارەی سەربازانی لە ئەڵمانیادا کەم بکاتەوە بۆ ٢٥ هەزار، بەڵام بەپێی ئامارەکانی ٣٠ی ئەیلوولی رابردوو، ئەمریکا لە ئەڵمانیا ٤٦ هەزار و ٩٤ سەربازی هەیە.
بارەگای فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەورووپا (EUCOM)لە شاری شتوتگارتە.
هاوکات لە ئیتاڵیا کە فەرماندەیی کەشتیگەلی شەشەم هەیە، ١٤ هەزار و ٧٢٠ سەربازی ئەمریکا جێگیرن.
لە بەلجیکا بارەگای ناتۆ، هەزار و ٨٦٩ سەربازی ئەمریکا ئەرکیان پێ سپێردراوە.
لە ئیسپانیا سێ هەزار و ٥٧٥ سەرباز و لە هۆڵەندا ٦٢٩ سەرباز و لە یۆنان ٤٦٣ سەرباز و لە تورکیا هەزار و ٧٦٢ سەرباز و لە پۆڵەندا چوار هەزار و ٥٠٠ سەرباز و لە نەرویج نزیکەی ٧٠٠ سەرباز و لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەورووپاشدا سەدان سەربازی ئەمریکی هەن.
لە کاتێکدا ئەمریکا سەربازانی لە ئەورووپادا جێگیر دەکات، لە ناوچەی بارەگای فەرماندەیی ئەمریکا لە ئەورووپا (EUCOM) زیاتر لە ٧٠ هەزار سەربازی هەیە.
- خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا لە ناوەندی گرنگ دەردەچن
دوای هێرشەکانی ١١ی ئەیلوولی ٢٠٠١، ئەمریکا لەگەڵ داگیرکردنی ئەفغانستان و عێراقدا، زیاتر لە ٢٠٠ هەزار سەربازی لەو وڵاتانەدا هەبوو.
کاتێک ژمارەکە لەگەڵ ئەو ژمارەیەی لە کەنداو و وڵاتانی دیکەی عەرەبیدا هەبوون یەکدەگرن، ئەمریکا لە ناوچەکەدا نزیکەی ٣٠٠ هەزار سەربازی هەبوو.
هەرچەندە سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما لە ساڵی ٢٠١١دا، بەشێکی بەرچاوی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان کێشایەوە، بەڵام هێشتا خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پەناگەیەکی گرنگی سەربازیی ئەمریکا بوو.
لەگەڵ سەرهەڵدانی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و بەهێزبوونەوەی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ئەمریکا بنکەکانی لە ناوچەکەدا بەهێز کرد، بەتایبەتی لە عێراق و ئەفغانستان.
بەڵام سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە بەڵگەکانی ستراتیجییەتی بەرگریی نیشتمانیی و ئاسایشی نیشتیمانیدا پێشینەی کاری دا بە رکابەری هێزی گەورە، بەوەیش ئامانجی ئەوەیە هێزی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە.
بەو بڕیارانەی ئەم هەفتەیە دەرکران. ئەمریکا ژمارەی سەربازانی لە ئەفغانستان و عێراق کەمدەکاتەوە بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز.
ئەمریکا لە سووریادا، نزیکەی هەزار سەربازی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە چەکدارانی (هەسەدە).
فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM)لە کاتێکدا زۆربەی بنکەکانی لە عێراق چۆڵکردووە، بەردەوامە لەسەر پاراستنی بنکەکانی لە قەتەر، ئیمارات و بەحرێن کە بە ''ئەمریکای بچووک'' ناسراون.
ئەمریکا لە بەحرێن بارەگای پێنجەمین کەشتیگەلی کردووەوەتەوە، چوار هەزار و ٥١٧ سەرباز و لە قەتەر هەشت هەزار سەرباز و لە کوێت ١٣ هەزار و ٥٠٠ سەرباز و لە ئیمارات پێنج هەزار سەرباز و لە سعوودیە نزیکەی چوار هەزار سەرباز و لە ئوردن زیاتر لە سێ هەزار سەربازی ئەمریکا هەن.
هەروەها لە وڵاتانی دیکەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا و ناوچەکانی سەربە فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا زیاتر لە ٦٠ هەزار سەرباز جێگیرن.
ئەمریکا لە ژمارەیەک وڵاتی ئەفریقادا، تێکڕا شەش هەزار سەربازی هەیە. پنتاگۆن لە ماوەی رابردوودا، هێزەکانی وشکانیی فەرماندەییەکانی ئەورووپا و ئەفریقای دیاریی کرد.
لە هەمان کاتدا وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پلانی وایە ژمارەی سەرباز و ئەفسەرانی پلە باڵای لە ئەفریقا کەم بکاتەوە.
- لە باخچەی پشتەوەی ئەمریکادا، نزیکەی ٢٠ هەزار سەربازی ئەمریکا هەن
لە ئەمریکای باشوور کە بە باخچەی پشتەوەی ئەمریکا ناسراوە، ژمارەیەکی بەرچاو سەربازی ئەمریکا هەن.
لە ناوچەکەدا کە ئەمریکا ٧٦ بنکەی هەیە، نزیکەی ٢٠ هەزار سەربازی ئەمریکا جێگیرکراون. ئەو وڵاتانەی میوانداری زۆرترین سەربازی ئەمریکا دەکەن لە ناوچەکەدا، ئەرجەنتین و هۆندۆراس-ن کە تێکڕا دوو هەزار سەربازیان تیادایە و لە پۆرتۆ ریکۆ-ش کە سەربە ئەمریکایە، ١٣ هەزار و ٥٠٥ سەرباز هەن.
news_share_descriptionsubscription_contact

