Kasım İleri
10 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2023
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، عەمید پاتریک رایدەر پشتڕاستی کردەوە کە سوپای ئۆکراینا بە مووشەکی پاتریۆت مووشەکی هایپەرسۆنیکی "کینژال"ی رووسیای تێکشکاندووە.
خستنەخوارەوەی مووشەکی هایپەرسۆنیکی "کینژال" بە مووشەکی پاتریۆت کە سوپای رووسیا چەند جارێک لە جەنگی ئۆکراینادا بەکاریهێناوە و سەرۆکی وڵاتەکەش، ڤلادیمیر پوتین بە مووشەکێک ناوزەندی کرد کە ناتوانرێت لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانییەوە رێگریی لێبکرێت، بووە رۆژەڤی میدیا جیهانییەکان.
روونکردنەوەی سوپای ئۆکراینا لەبارەی تێکشکاندنی مووشەکی هایپەرسۆنیکی "کینژال" بە سیستمی ئاسمانیی پاتریۆت، بووە رۆژەڤی کۆنگرەی رۆژنامەوانیی پنتاگۆن.
پاتریک رایدەر رایگەیاند: ''دەتوانم پشتڕاستی تێکشکاندنی مووشەکێکی رووسی بکەمەوە کە ئەوان (سوپای ئۆکراینا) بە بەکارهێنانی پاتریۆت خستوویانەتە خوارەوە''.
رایدەر لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو مووشەکەی خراوەتە خوارەوە مووشەکی هایپەرسۆنیکی "کینژال" بووە یان نا، رایدەر گوتی: ''راستە''.
گوتەبێژی پنتاگۆن هەروەها خۆی لە خستنەڕووی زانیاری لەبارەی ئەوەش بەدوورگرت کە کام وڵاتە پاتریۆتەکەی داوەتە ئۆکراینا کە مووشەکە هایپەرسۆنیکەکەی رووسیای خستووەتە خوارەوە.
سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆت، لەلایەن ئەمریکاوە لە عێراق و سعوودیە دژبە مووشەکە بالیستییەکانی ئێران بەکاردەهات، بەڵام ئەوە یەکەمجارە ئەم سیستمە دژبە مووشەکێکی هایپەرسۆنیک بەکاردەهێندرێت.