ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتیی هەندێک سزای دارایی سەر ڕووسیا سووک کرد

Ankara
ئەنقەرە - AA
پێش بەڕێوەچوونی ئەو لووتکەیەی لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین بەڕێوەدەچێت، ئەمریکا ڕایگەیاند بە شێوەیەکی کاتیی هەندێک سزای دارایی سەر ڕووسیا سووک کراون.
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، ڕاگەیاندراوێکی سەبارەت بە بابەتەکە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە تا ٢٠ی ئاب هەندێک سزای دارایی سەر ڕووسیا هەڵگیراون، ئەو لێخۆشبوونەش "ئاسایی و پێویستن" سەبارەت بەو کۆبوونەوانەی نێوان ترەمپ و پوتین لە ئالاسکا بەڕێوەدەچن.
هەروەها لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم هەنگاوە نابێتە هۆی لابردنی بلۆککردنی ئەو موڵکانەی لە چوارچێوەی سزاکانی سەر ڕووسیا سڕکراون یان سنووردارکراون.
چاوەڕوان دەکرێت ترەمپ و پوتین لە ١٥ی ئابدا لە ویلایەتی ئالاسکای ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ئۆکراینا کۆببنەوە.