Kasım İleri
04 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 04 تشرینی یەکەم 2022
واشنتۆن - AA
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، سیلێست واڵاندەر کە بەرپرسە لە كاروبارى ئاسايشى نێودهوڵهتیى ئاماژەی بەوە کرد لە ئێستادا ئامانجی ئۆکراینا ئەوەیە لە ناوچەی خێرسۆن، هێڵی بەری خۆرئاوای رووباری دنیپرۆ بشکێنێت و هێزەکانی رووسیا دەربکات بۆ ئەو بەری رووبارەکە.
سیلێست واڵاندەر لە سەنتەری نێودەوڵەتیی توێژینەوە ستراتیجییەکان کە ناوەندەکەی لە واشنتۆنە، هەڵسەنگاندنی بۆ جەنگی ئۆکراینا کرد.
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، سیلێست واڵاندەر باسی لەوە کرد کە لەبەرئەوەی ئەوانەی دەوری سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کەسانێکن وەک خۆی بیر دەکەنەوە، بیرۆکەی جیاواز نابیستێت لەبارەی ئۆکراینا و بەو هۆیەشەوە لە جەنگدا شکستخواردووە.
واڵاندەر باسی لەوە کرد کە دامەزراوەکانی ئەمریکا هێشتا کار دەکەن لەسەر ئەو وانانەی لە جەنگی رووسیا-ئۆکراینادا دەردەچن و بەلای خۆشییەوە، گرینگترین وانەیان "گرنگیی هاوپەیمانییەکانە".
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە بە درێژایی وەرزی زستان ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی ئۆکراینا بە ناردنی چەکی بۆی.
سیلێست واڵاندەر ئەوەشی خستەڕوو کە ئۆکراینا لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوهانسک و ناوچەی خارکێڤ سەرکەوتنی ستراتیجیی سەرنجڕاکێشی بەدەستهێناوە و گوتی: ''بەتایبەتی کۆنترۆڵکردنەوەی شاری لیمان لەم دواییانەدا، گورزێکی زۆر گەورە بوو کە کاریگەرییەکی بەرچاوی دەبێت لەسەر توانای هێزەکانی رووسیا لە بەرەکانی پێشەوە''.
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، سیلێست واڵاندەر باسی لە داهاتووی نزیکی جەنگەکە کرد و گوتی: ''ئامانجی ئۆکراینا ئەوەیە لە ناوچەی خێرسۆن، هێڵی بەری خۆرئاوای رووباری دنیپرۆ بشکێنێت و هێزەکانی رووسیا دەربکات بۆ ئەو بەری رووبارەکە. ئەمەش شکستێکی گەورە دەبێت بۆ رووسەکان، چونکە ئۆدیسا لەنێو ئەو ئامانجانەدایە کە لە سەرەتای ئەمساڵدا رایانگەیاندووە و بەوەیش ئامانجی گرتنی کەم دەکاتەوە، هەروەها گڕوتینی شەڕ و پێکدادانەکان لە وەرزی زستاندا کەم دەکاتەوە، بەمەش پێگەیەکی بەرگریی باشتر بۆ ئۆکراینا دەڕەخسێنێت".