Zana Natık Kerem
24 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2018
کابول ــ AA
وەزیری بەرگری ئەفغانستان، تارق شا بەھرامی رایگەیاند "بە ھۆی ئەو ھێرشانەی کە لە میانی مانگی ئابی رابردوودا لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە ئەنجامدراون، ٥١٣ سەرباز کوژراون".
تارق شا بەھرامی لە بەردەم ئەنجوومەنی پیران ئاماژەی بەوەدا کە شەڕ و پێکدادانەکانی مانگی رابردووی نێوان ھێزەکانی ئەفغانستان و گرووپە چەکدارەکان، زیانی زۆری بە ھەردوولا گەیاندووە.
تارق شا بەھرامی گوتی: "تەنھا لە مانگی ئابی رابردوودا، ٥١٣ سەربازی ئەفغانستان کوژراون و ٧١٨ی دیکەش برینداربوون، ئەمە جگە لەوەی ٤٣ سەرباز لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە دەستبەسەرکراون".
بە گوتەی وەزیری بەرگری ئەفغانستان، زیانەکانی دوژمن، گەیشتووەتە چوار ھێندەی زیانەکانی سوپا.
لای خۆیەوە وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان، وەیس ئەحمەد باراک بەرگری لەو رێککەوتنە ئەمنییە کرد کە نێوان وڵاتەکەیان و ئەمریکا کراوە و چەند رۆژ لەمەوبەر ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەفغانستان داوای ھەموارکردنەوەی کردبوو.
وەیس ئەحمەد باراک لە بەردەم ئەنجوومەنی پیران رایگەیاند، ژمارەیەک وڵاتی دراوسێ کە ناوی ئاشکرا نەکردن، بەرپرسیارن لە بەھێزکردنی تیرۆر لە ئەفغانستان.
وەزیری ناوخۆی ئەفغانستان گوتی: "ژمارەیەک وڵاتی دراوسێ وای بۆ دەچن کە رێککەوتنە ئەمنییەکە، دژ بە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی ئەوان بێت".