Murat Özgür Güvendik
13 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2024
جۆھانسبێرگ ــ AA
جێگری سەرکۆماری ئەفریقای باشوور، پۆڵ ماشاتایل ڕایگەیاند: "نابێت داگیرکاری ئیسرائیل مافی زیاتری لە فەڵەستین ھەبێت، لە کاتێکدا فەڵەستین خۆی خاوەنی خاکەکەیە".
پۆڵ ماشاتایل لە گوتەیەکدا لە بەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەی، ھێرشەکانی ئیسرائیلی بۆسەر کەرتی غەززە بە "کۆمەڵکوژی"وەسف کرد و دووپاتی کردەوە کە کۆماری ئەفریقای باشوور بەردەوامە لە پاڵپشتیکردنی گەلی فەڵەستین.
ئاماژەی بەوەشدا، ئیسرائیل ناچارە کە شانبەشانی فەڵەستین پێکەوە بژین و گوتی: "نابێت داگیرکاری ئیسرائیل مافی زیاتری لە فەڵەستین ھەبێت، لە کاتێکدا فەڵەستین خۆی خاوەنی خاکەکەیە".
جێگری سەرکۆماری ئەفریقای باشوور لەبارەی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا، ئەوە پاڵپشتی ئایدۆلۆژییە و جەختی لەوە کردەوە: "ئەو بەڵگانەی کە لەبەردەستی ئێمەدان، ھەرگیز لەڕووی خستنەڕووی ڕاستییەکانەوە ڕێگەی خۆیان لەدەست نادەن".
ھەفتەی ڕابردوو کۆماری ئەفریقای باشوور، داواکارییەکی دیکەی بۆ گرتنبەری ڕێوشوێن بۆ ڕێگرتن لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی لە کەرتی غەززە پێشکەشی دادگای دادی نێودەوڵەتی کرد.
لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣وە، ئیسرائیل ھێرشی دەکاتە سەر غەززە کە بەھۆیەوە دەیان ھەزار کەسی مەدەنی کە زۆربەیان منداڵ و ئافرەتن بوونەتە قوربانی، ئەمە وێرای ئەوەی بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە، زیانێکی زۆر بەژێرخانی کەرتی غەززە کەوتووە.
ھاوکات لە ماوەکانی ڕابردوودا کۆماری ئەفریقای باشوور، سکاڵایەکی دژی ئیسرائیل بەتۆمەتی ئەنجامدانی کۆمەڵکوژیی لە غەززە لە دادگای دادی نێودەوڵەتی تۆمارکرد.