Sefa Mutlu
23 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2021
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا چارلس میشێل، ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی کە لەلایەن فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لە میانی پەیوەندییەکەدا، تاوتوێی رێکارەکانی پێشخستنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و یەکێتی ئەورووپا، دوایین پێشھاتەکانی ئەفغانستان، پرسی کۆچ و بابەتە ناوچەییەکان کرا.
ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییە نەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ چارلس میشێل، خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر بڕیاری داخڵکردنی تورکیا بۆ ناو بڕوانامەی دیجیتاڵیی ڤایرۆسی کۆرۆنای یەکێتی ئەورووپا دەربڕی.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، چاوەڕوانییەکانی خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا، پێداچوونەوە بە یەکخستنی گومرک و ئازادیی ڤیزا، بەشێوەیەکی گشتی جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنی ١٨ی ئادارى نوێکردەوە.
ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییەکەدا، ئاماژەی بەوە کرد کە پێشھاتەکانی ئەم دواییانەی ئەفغانستان، جارێکی دیکە گرنگیی شوێنکردنەوەی تورکیا لە پرۆژەی ھەماھەنگیی رێکخراوی ھەمیشەیی یەکێتی ئەورووپا (PESCO) لە بواری بەرگری و ئاسایشی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە کاری لە پێشنەی تورکیا گەیشتنی ئەفغانستانە بە ئاشتییەکی ھەمیشەیی و سەقامگیری ئەو وڵاتە و گەڕاندنەوەی ھاووڵاتیانییەتی لە ئەفغانستان.
ئەردۆغان، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داواکاری پاڵپشتیی گواستنەوەی ھاووڵاتییانی چەندین وڵاتی ئەورووپییان جێبەجێکردووە و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە سوپای تورکیا ھەوڵێکی گەورەیان بۆ پاراستنی سستەم لە ئەفغانستان و کارپێکردنی فڕۆکەخانەی کابوڵ بە شێوەیەکی درووست داوە.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەگەر رێکاری پێویست نەگیرێتەبەر ئەوە فشاری کۆچی ئەفغانییەکان زۆر زیاتر دەبێت و ئەمەش دەبێتە ئاڵنگارییەکی جیددی بۆ سەرجەم وڵاتان.
ئەردۆغان، ئەوەشی راگەیاند کە دەبێت یەکێتی ئەورووپا، لە ئەفغانستان و وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستان، بە تایبەتی لە ئێران ھاوکاریی خەڵکی ئەفغان بکات و جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لە ئێستادا میوانداری پێنج ملیۆن پەنابەر دەکات و توانای وەرگرتنی پەنابەری زیاتری نییە.
ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، ئەوەشی خستەڕوو کە داواکارییان پێگەیشتووە سەبارەت بە وەرگرتنی کارمەندانی ئەفغانی ئەوانەی کە لە نێردەی یەکێتی ئەورووپا لە ئەفغانستان کاریان کردووە و ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی ئەندام دەرگایان تەنھا بۆ بەشێکی کەمی ئەو کەسانە کردووەتەوە کە لە باری کۆچدان و خزمەتیان کردووە، بەم ھەنگاوانەی ناتوانن زاڵبن بەسەر پرسەکەدا و نابێت چاوەڕێی ئەوە بکەن کە تورکیا بەرپرسیارێتی نێودەوڵەتیی وڵاتانی سێیەم بگرێتە ئەستۆ.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی کۆنسەی یەکێتی ئەورووپا چارلس میشێل، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە تورکیا وڵاتێکی كانديدە بۆ ئەندامبوون لە يەكێتى ئەورووپا، جەختی لەسەر بنیاتنانی ھەماھەنگییەکی گشتگیر، ناوەڕۆک و دروست کردەوە.