Filiz Kınık Öz,Kaan Bozdoğan
14 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2022
تورمانباشی - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند: ''پرۆسەی بوونە ئەندامی تەواوی تورکمانستان لە کورترین ماوەدا کە ساڵی رابردوو وەک ئەندامی چاودێر هاتە ناو رێکخراوەکەمانەوە، هێزێکی زۆرمان پێ دەبەخشێت''.
لە گوتارێکیدا لە کۆبوونەوەی نێوان شاندەکان کە لە چوارچێوەی یەکەمین لووتکەی سەرۆک دەوڵەتانی تورکیا-ئازەربایجان- تورکمانستان لە تورکمانباشی بەڕێوەدەچێت، ئەردۆغان بە ناوی خۆی و گەلەکەیەوە سڵاوی لە بەشداربووان کرد.
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان نزای کرد و داوای لە خودا کرد لووتکەکە ببێتە مایەی خێر بۆ وڵاتەکان، ناوچەکە و هەموو جیهانی تورکی و رایگەیاند: ''پرۆسەی بوونە ئەندامی تەواوی تورکمانستان لە کورترین ماوەدا کە ساڵی رابردوو وەک ئەندامی چاودێر هاتە ناو رێکخراوەکەمانەوە. هێزێکی زۆرمان پێ دەبەخشێت''.
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە گەواهیدەری کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگن لە زۆر بواردا بەتایبەتی هەڵئاوسان کە لە هەموو جیهاندا ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە و گوتی: ''وەک سەرکۆماری تورکیا، هەر لە سەرەتاوە باسم لەوە کرد کە جەنگ براوە و ئاشتیی دۆڕاوی نابێت و ئاشتیی دادپەروەرانە تەنیا بە دیالۆگ بنیات دەنرێت. هەر لە یەکەم رۆژەوە، لە پێناو راگرتنی خوێنڕێژی و کۆتاییهێنان بە شەڕ و پێکدادانەکان، لە ئاستیی دووقۆڵیی و ئاستەکانی دیکەشدا راستگۆیانە هەوڵ و تەقەلامان دا. ئەو پرۆسەی دانوستانەی لە ئەنجامی دەستپێشخەرییەکانمان لە ئیستانبوڵ دەستی پێکرد، لە رووی گفتوگۆکانی ئاشتییەوە هێشتا باوەڕپێکراوترین چوارچێوە پێک دەهێنێت''.
گوتیشی: ''بینیمان کە هاوشان لەگەڵ رێککەوتنی دانەوێڵە و گۆڕینەوەی دیل، ئەگەر دەرفەت بۆ دیپلۆماسیەتیش بدرێت، ئەوا دەکرێت رێگای بەردەم ئاشتیش بکرێتەوە. گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەڕێز پوتین و بەڕێز زێلێنسکی لەو بارەیەوە درێژەی هەیە، پشتیوان بەخوا سەرەتا ئاگربەست و، پاشانیش ئاشتیی درێژخایەن دەستەبەر دەبێت''.
سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، باسی لەوەیش کرد کە ئیدی پێویستە دەست بە کار بکەن بۆ گواستنەوەی غازی سروشتیی تورکمانستان بۆ بازاڕەکانی رۆژئاوا و، گوتیشی: ''ئامادەی کارکردنین لە بارەی گواستنەوەی کارەبا لە تورکمانستان و ئازەربایجانەوە بۆ وڵاتەکەمان''.