Zana Natık Kerem
14 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2022
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی گرنگی جێبەجێکردنی ریککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال تاوتوێ کرد.
ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە نێچیرڤان بارزانی پێشوازیی کردووە لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ئالینا رۆمانۆسکی کۆبوونەتەوە.
راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دوا سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ بەغدا و دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق، کارنامەی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، کارکردن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ھەولێر ـ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و سیستمی فیدراڵیی، گفتوگۆ و سەردانە بەردەوامەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا بۆ دروستبوونی تێگەیشتنی ھاوبەش، تاوتوێ کراون.
باسی لەوەش کردووە کە ھەردوولا جەختیان کردووەتەوە لە کاری ھاوبەشی نێوان ھەولێر و بەغدا و لایەنە سیاسییەکان بەگشتیی و ھاوڕابوون لەسەر گرنگیی پشتیوانیکردنی سەرۆکوەزیران و کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق، دۆخەکەشیان بە دەرفەتیک زانیوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەت، ھەروەھا گرنگیی جێبەجێکردنی ریککەوتنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵیی عێراقیان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەرانەوەی ئاوارەکان بە پێویست و گرنگ لە قەڵەم دا.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردووەتەوە کە گرنگە تێگەیشتن و روانگەیەکی ھاوبەش ھەبێت بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی وڵات و بەڕێوەبردنی سامان و دەوڵەمەندییەکانی عێراق بە جۆرێک کار و خزمەتگوزاریی باشتر بۆ ھاووڵاتییان دابین بکات و ببێتە ھۆی ئارامی و سەقامگیریی و پاراستنی سەروەریی وڵات.
راشیگەیاندووە کە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی گرنگیی پاراستنی ئارامیی سنوورەکان و کارکردنی ھاوبەشی ھەولێر ـ بەغدا لەسەر ئەم پرسە، ھەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی وزە، ھاندانی سەرمایەگوزاری و وەبەرەھێنانی بیانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا پرۆسەی رێکخستنەوەی پێشمەرگە و کێشەکانی بەردەمی، پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.