جيهان

ئێران: "بەهێزتر و گشتگیرتر وەڵامی ئەگەرى هێرشی ئیسرائیل دەدەینەوە"

- وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەیڤد کامیرۆن، دۆخی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.

Ahmet Dursun  | 15.04.2024 - نوێکردنەوە : 16.04.2024
ئێران: "بەهێزتر و گشتگیرتر وەڵامی ئەگەرى هێرشی ئیسرائیل دەدەینەوە"

Ankara

ئەنقەرە - AA

وەزیری دەرەوەی ئێران، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان ئاماژەی بەوە کرد کە بەخێرایی و بەهێزتر و گشتگیرتر وەڵامی ئەگەرى هێرشی ئیسرائیل دەدەنەوە.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی نیمچەفەڕمی ئێران تەنسیم، عەبدوڵڵاهیان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، دەیڤد کامیرۆن، دۆخی ناوچەکەی تاوتوێ کردووە.

عەبدوڵڵاهیان باسی لەوە کرد بە هاوتا بەریتانییەکەی ڕاگەیاندووە کە هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە چوارچێوەی بەرگریی ڕەوا ئەنجامدراوە و، ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی ڕووخێنەری ئیسرائیل بناغەی قەیرانەکانی ناوچەکەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران عەبدوڵڵاهیان ڕەخنەی لە پشتیوانی بەریتانیا گرت بۆ هێرشی ئیسرائیل کە کوژرانی دەیان هەزار کەسی لە غەززە لێکەوتووەتەوە و، ڕایگەیاند: "لە کاتێکدا لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا سەدان هەزار تۆن بۆمب بەسەر خەڵکی غەززەی ستەمدیدەدا بەردراوەتەوە، مایەی نیگەرانییە بەریتانیا نیگەرانە لە کاردانەوەی ئێران بەرامبەر بەو هێرشە بەربەرییەی ڕژێمی ئیسرائیل کردیە سەر شوێنى دیپلۆماسی، ئەمە لە کاتێکدا کاردانەوەکەی ئێران لە چوارچێوەی بەرگرریی کردنی ڕەوا بووە کە لە ٥١هەمین ماددەی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرچاوەی گرتووە".

سەبارەت بە ئەگەری هێرشی تەل ئەبیب بۆ سەر خاکی ئێران، عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاند: "ئێران خوازیاری هەڵکشانی گرژیی نییە لە ناوچەکەدا، بەڵام ئەگەر ڕژێمی ئیسرائیل بە دوای سەرکێشییدا دەگەڕێت، ئەوا کاردانەوەی داهاتوومان خێرا و بەهێزتر و گشتگیرتر دەبێت".

لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کامیرۆن، باسی لەوە کردوە کە هێرشی سەربازیی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل مایەی نیگەرانییە و ڕایگەیاند: "داوا لە ئیسرائیل دەکەین وەڵام نەداتەوە، چونکە نامانەوێت ئەوەی لەم دواییانەدا ڕوویدا دووبارە و بە قەبارەیەکی گەورەتر ڕووبداتەوە".

گرژی ئێران - ئیسرائیل

ئیسرائیل لە یەکی نیساندا هێرشی ئاسمانیی کردە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق، لەو هێرشەدا حەوت کەس کە دووانیان جەنەراڵ بوون لە سوپای پاسداران کوژران.

ئێران هێرشەکەی بە هێرش کردنە سەر خاکی خۆی لە قەڵەمدا و، ئاماژەی بەوە کرد کە وەڵامی دەداتەوە.

لە بەرامبەردا ئیسرائیل بڵاویکردەوە کە وەڵامی هەر هێرشێکی ئێران دەداتەوە.

ئێران لە ١٣ی نیساندا بە سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کامیکازە و مووشەکی کروز و بالستی دەستی بە هێرش کرد بۆ سەر ئیسرائیل و، چەند ئامانجێکی سەربازیی بۆردومان کرد.

ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لەو هێرشەدا زۆربەی مووشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران لەلایەن سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانیی ولاتەکەیەوە خراونەتەخوارەوە، بەڵام بنکەیەکی سەربازیی باشووری وڵاتەکەی پێکراوە.

ڕاگەیاندنی ئیسرائیل بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە حکوومەتی تەل ئەبیب بڕیاریداوە بە شێوەیەکی "ڕوون و کاریگەر" وەڵامی هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران بداتەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın