Ahmet Dursun,Hemın Othman Mohammed
28 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 29 ئەیلوول 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
ئێران بانگه‌شه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهوی ره‌تكرده‌وه له‌باره‌ی بوونی دامه‌زراوه‌یه‌كی نهێنیی ئه‌تۆمی له نزیك تاران.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، محه‌مه‌د جه‌واد زەریف له هه‌ژماری خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر، روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و تیایدا گوتاره‌كه‌ی دوێنێی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل ناتانیاهوی له كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به "نمایش" ناو هێنا.
زەریف له روونكردنه‌وه‌كه‌یدا رایگه‌یاند: "هیچ هونه‌رێكی نمایش ناتوانێت راستی ئه‌وه بپۆشێت كه ئیسرائیل تاكه وڵاته له ناوچه‌كه‌ماندا خاوه‌نی به‌رنامه‌ی چه‌كی ناوه‌كی نهێنیی و ئاشكرانه‌كراوه به‌تایبه‌تی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كان. كاتی ئه‌وه هاتووه ئیسرائیل دان به به‌رنامه‌ی چه‌كی ناوه‌كی نایاساییدا بنێت و ئه‌و وڵاته بكرێته‌وه به‌ڕووی لێكۆڵه‌ره‌وانی نێوده‌وڵه‌تیدا".
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی دره‌وه‌ی ئێران، به‌هرام قاسمی بانگه‌شه‌كانی ناتانیاهوی به "بێ بنه‌ما و كۆمیدی" ناوزه‌ند كرد.
قاسمی گوتی: "ئه‌و شانۆ نوێیه كه له‌لایه‌ن به‌رپرسانی ئیسرائیلی داگیركه‌ره‌وه نمایش ده‌كرێت هه‌رچه‌نده ئه‌وه ناهێنێت وه‌ڵام بدرێته‌وه به‌ڵام ئه‌و بانگه‌شانه به شێوه‌یه‌كی توند ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه".
سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهو، دوێنێ له میانی گوتاره‌كه‌یدا له كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی كرد كه له نزیك تاران دامه‌زراوه‌یه‌كی نهێنیی ئه‌تۆمی هه‌یه.