Mahmut Atanur,Muhammet Ali Kemal
30 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2019
جاکارتا- AA
ئەوە راگەیەندرا کە ژمارەی قوربانییانی بوومەلەرزە و تسونامییەکەی رۆژی ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠١٨ی دوورگەی سولاوێسی ئیندۆنێزیا، چوار هەزار و ٣٤٠ کەس بووە.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئانتارای ئیندۆنێزیا، پارێزگاری سولاوێسیی ناوەند، لۆنگکی دیانگۆلا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکردووە لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوانەی لە دوای کارەساتە سرووشتییەکە ئەنجامدراون، ژمارەی ئەو کەسانەی لە بوومەلەرزە و تسونامییەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بەو کەسانەوە کە بێسەروشوێنن و ئەوانەشی کە ناسنامەکانیان دەستنیشاننەکراوە، چوار هەزار و ٣٤٠ کەسن.
لۆنگکی دیانگۆلا باسی لەوەکردووە زۆرترین ژمارەی قوربانییان لە ئەنجامی بوومەلەرزە و تسونامییەکە لە شاری پاڵوو بووە کە دوو هەزار و ١٤١ کەسن و ٢٨٩ کەس لە سیگی، ٢١٢ کەس لە دۆنگالا و ١٥ کەس لە پاریگی گیانیان لەدەستداوە.
دیانگۆلا باسی لەوەکردووە لە ناوچەکە هێشتا ٦٦٧ کەس بێسەروشوێنن و ناسنامەی ١٦ کەس نەتواندراوە دەست نیشان بکرێت و ئەوانەش بە مردوو هەژمار دەکرێن.