Hamdi Yıldız
10 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 10 مای,س 2021
غەززە-AA
تۆپهاوێژەکانی ئیسرائیل، چەند ئامانجێکی سەربە بزووتنەوەی حەماس-یان لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە کەرتی غەززە دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، ئیسرائیل خاڵێکی چاودێری لیواکانی عیزەددین قاسم باڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس-ی بۆردومان کردووە.
هەروەها سوپای ئیسرائیل لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و هەواڵی ئەوەی خستووەتەڕوو کە تانکەکانی ئیسرائیل چەند ئامانجێکی بزووتنەوەی حەماس-یان لە کەرتی غەززە بۆردومان کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە کە "بۆردومانەکە وەڵامی ئەو رۆکێت و باڵۆنە پڕ لە ماددە سووتەمەنییانە بوون کە بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ئیسرائیلی کردوون".
ئێوارەی دوێنێ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە لە کەرتی غەززەوە، چوار رۆکێتیان ئاراستە کراوە، یەکێک لە رۆکێتەکان خراوەتەخوار و دوو رۆکێتی دیکەش هەر لەناو کەرتی غەززە کەوتوونەتە خوارەوە.
هیچکام لە گرووپە فەڵەستینییەکان بەرپرسیاریەتی خۆیان لە ئاراستەکردنی رۆکێتەکان رانەگەیاندووە.