Zana Natık Kerem
21 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2018
قودس ــ AA
سوپای ئیسرائیل رایگەیاند كە دامەزراوەی ئەتۆمی سووریای لە ساڵی 2007دا لە بیابانی پارێزگای دێرازۆر رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە بۆردومانكردووە.
لە روونكردنەوەیەكدا، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەفیخای ئەدرعی ئاماژەی بەوەداوە بۆردومانكردنی دامەزراوەی ئەتۆمیی سووریا بۆ ماوەی چوار كاتژمێر بەردەوامبووە كە لە كاتژمێر 10 و 30ی خولەكی ئێوارەی پێنجی مانگی ئەیلوولی ساڵی 2007 دەستی پێكردبوو و لە كاتژمێر 2 و 30ی خولەكی بەرەبەیانی شەشی هەمان ئەو مانگە كۆتایی هاتبوو.
ئەفیخای ئەدرعی باسی لەوەشكردووە كە هەشت فڕۆكەی جەنگی جۆری ( ئێف 15) و ( ئێف 16) لەگەڵ فڕۆكەیەكی جەنگی ئەلیكترۆنی، هێرش و بۆردومانكردنی سەر دامەزراوەی ئەتۆمیی سووریا لە ساڵی 2007یان ئەنجامبدابوو كە لە میاندا بە ئاراستەكردنی 17 تۆن تەقەمەنی بە رێگەی بۆمبی لیزەری ئاراستەكرابوون، دامەرزاوەی ئەتۆمیی سووریایان خاپوور كردووە.
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل راشیگەیاندووە كە هێرشەكە دوای هەوڵە هەواڵگرییەكان ئەنجامدرابوو.
ئەفیخای ئەدرعی ئەوەشی گوتووە "ئەو دامەزراوە ئەتۆمییە بە شێوەیەكی پێشكەوتوو لە ناوچەی دێرازۆر بە دووری 450 كیلۆمەتر باكووری دیمەشق بنیاتنرابوو".
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل ژمارەیەك وێنەیان لەسەر هێرشەكە و ئەوانەی تیایدا بەشداریان كردبوو، بڵاوكردبوویەوە.
رۆژنامەی هائارتزی ئیسرائیلی بڵاویكردووەتەوە دامەزراوەی ئەتۆمیی بە رێككەوت دوای پێنج ساڵ لە بیناتنانی لە لایەن سوورییەكان بە یارمەتی كۆریای باكوور دۆزرابوویەوە.
پێشتر میدیاكانی ئیسرائیل، زانیارییان لەسەر هێرشەكە ئاشكرا كردبوو، بەڵام ئەمە یەكەمجارە ئیسرائیل بە شێوەیەكی روون و ئاشكرا دان بە ئەنجامدانی هێرشەكە بنێت.
تا ئێستا رژێمی سووریا دانی بەوە نەناوە كە دامەزراوە ئەتۆمییەکەی لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بۆردومانكراوە.