Awad Rjoob
12 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2024
غەززە ــ AA
دەزگای ناوەندیی ئاماری فەڵەستین ڕایگەیاند لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا، ئیسرائیل بەڕێژەی ١،٨ لەسەدای دانیشتووانی کەرتی غەززەی کوشتووە کە بەڕێژەی لەسەدا ٢٤یان گەنجن.
دەزگاکە بە بۆنەی ڕۆژی جیھانی لاوان کە دەکەوێتە ١٢ی ئاب و لە وڵاتان ئەو یادە دەکرێتەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
نەتەوە یەکگرتووکان لە ساڵی ١٩٩٩دا، ڕۆژی ١٢ی ئابی ھەموو ساڵێکی بە ڕۆژی جیھانی لاوان ناساندووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ھاتووە: "لەسەرەتای دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تا ئێستا، زیاتر لە ٣٩ ھەزار فەڵەستینی کوژراون کە دەکاتە بەڕێژەی ١،٨ کۆی گشتی دانیشتووانی کەرتی غەززە و بەڕێژەی لەسەدا ٢٤یان گەنجن".
ڕاشیگەیاندووە، ژمارەی ئەو فەڵەستینییانەی کە بەھۆی برسێتییەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٣٤ کەس، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەئێستادا، سێ ھەزار و ٥٠٠ منداڵی فەڵەستینی بەھۆی بەدخۆراکییەوە ڕووبەڕووی مردن بوونەتەوە.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەشداوە کە ژمارەی ئەو فەڵەستییانەی کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووە لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە برینداربوون، ٩٠ ھەزار کەسی تێپەڕاندووە کە بەڕێژەی ٧٠ لەسەدای ئافرەت و منداڵن، ئەمە وێرای ئەوەی تا ئێستا ١٠ ھەزار کەس بێ سەروشوێنن.
باسی لەوەش کردووە کە بەر لەوەی دەستدرێژی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی دەست پێ بکات، پێنج ملیۆن و ٦٠٠ ھەزار کەس لە فەڵەستین نیشتەجێبوون کە لەو ژمارەیە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزاریان گەنجی کوڕ و کچ بوون (لەنێوان ١٨ و ٢٩ ساڵ) کە بەڕێژەی ٢٢ لەسەدای کۆی گشتی دانیشتووانیان پێکدەھێنا.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، تیشکخراوەتە سەر ئەوەی کە لە کۆی ٢٠٠ ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار فەڵەستینی، دوو ملیۆنیان بەھۆی شەڕەوە ئاوارەبوون.
ڕاشیگەیاندووە، کە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا لە ئاکامی دەستدرێژییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەناری ڕۆژئاوا، ٦٢٠ کەس کوژراون کە زۆربەیان گەنج و منداڵن.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە لە ئاکامی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣وە تا ئێستا بەردەوامن، ٦١٩ قوتابی لە کەرتی غەززە و ٣٤ی دیکەش لە کەناری ڕۆژئاوا کوژراون، ھەروەھا ١٠٥ فەرمانبەری دامەزاروەکانی خوێندنی باڵا لە کەرتی غەززە کوژراون.
ڕاشیگەیاندووە کە بەھۆی ھێرشەکانی سوپای ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە، ٨٨ ھەزار خوێندکار لە مافی خوێندن لە زانکۆ، بێبەش کراون.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لە ئەنجامی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە، ڕێژەی بێکاری لە میانی ساڵی ٢٠٢٣دا، گەیشتبووە ٥٦ لەسەدا و لە میانی چارەکی چوارەمی ھەمان ساڵدا لە کەرتی غەززە، گەیشتبووە ٧٥ لەسەدا و ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا لە کەرتی غەززە، بەڕێژەی ٩١ لەسەدای گەنجان بێکارن.