Zana Natık Kerem
25 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئەمڕۆ شەممە لە ڤاتیکان چاویکەوت بە قەداسەتی پاپا فرانسیس و لەلایەن قەداسەتی پاپا-وە ژمارەیەک لە کاردیناڵ و ئوسقوفەکانی ڤاتیکان پێشوازیەکی فەرمی لێکرا.
لە دیدارەکدا، سەركۆمار بەرهەم ئەحمەد ساڵح دووپاتیکردەوە کە برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان موسڵمانان و کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکە تەنها ڕێگایە بۆ لە ناوبردنی توندڕەوی بە گشت جۆرەکانییەوە، ھاوکات روونیکردەوە تاوانەکانی تیرۆر کە یەخەی بەگشت پێکهاتەکانی عێراق گرتووە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەڕۆکی ئاینی ئیسلامەوە نییە.
هەروەها سەرکۆماری عێراق ئاماژەی بەوەیشکرد، چارەسەری ئەو قەیرانانەی کە ناوچەکە دووچاری هاتووە تەنها لە ڕێگای گفتوگۆ و لێکگەیشت دەبێت چارەسەر بکرێت، هاوکات جەختیشی لە گرنگی چڕکردنەوەی هەوڵەکان کردەوە لە پێناو ھێنانەدی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
هەر لەدیدارەکەدا سەركۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح هەڵوێستە ڕاستگۆییەکانی پاپای لە هاندانی بۆ یەکڕیزی نێوان گشت گەلی عێراق و پەرۆشی قەداسەتیانیشی بۆ بەرجەستەکردنی ئاشتی و ئارامی و پێکەوە ژیانی هاوبەش لە نێوان ئایینە ئاسمانییەکان و ڕێگانەدان بەتەشەنەکردنی زیاتری رەوشەکە لە ناوچەکە و جیهاندا بەرز نرخاند.
لەلای خۆیەوە پاپا فرانسیس جەختی لە پێویستی پشتیوانی لە سەقامگیری عێراق و گرنگی سەرخستنی زمانی دیالۆگ و لێکگەیشتن و بەهێزکردنی پێکەوە ژیانی ئاشتیانە و بەرجەستەکردنی خۆشەویستی و ئاشتی کردەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا گفتوگۆکرا لە بارەی سەردانەکەی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرانسیس بۆ عێراق.