Aliia Raimbekova
10 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2023
کیێڤ - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، ئەندری کۆڤالیۆڤ رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا دەستی پێ کردووە، بە گشتی ١٦٩ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەکانی مەلیتۆپۆل و بێردیانسک باشووری وڵات ئازاد کراوە.
کۆڤالیۆڤ لە راگەیەندراوێکدا کە لە هەژماری تایبەتی ناوەندی راگەیاندنی سەربازیی سەر بە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی بڵاو کراوەتەوە، هەڵسەنگاندنی بۆ سەرکەوتنەکانی سوپای وڵاتەکەی لە باشوور و رۆژهەڵاتی ئۆکراینا، کردووە.
بە ئاماژەدان بەوەی کە سەربازانی ئۆکراینا لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە هەفتەی رابردوو بە ئاراستەی باشووری مێلیتۆپۆل و بێردیانسک ئەنجامیان داوە زیاتر لە یەک کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە، کۆڤالیۆڤ رایگەیاند کە سەربازانی ئۆکراینی لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکانەوە بە کۆی گشتی لەم ئاراستانەدا بە هەشت کیلۆمەتر و ٦٠٠ مەتر پێشڕەوییان کردووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای ئۆکراینا، کۆڤالیۆڤ ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زیاتر لە ١٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە باشووری وڵاتەکەیان ئازاد کردووە و رایگەیاندووە: "لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشکردنە سەر سوپای رووسیا دەستی پێ کردووە، بە گشتی ١٦٩ کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ناوچەکانی مەلیتۆپۆل و بێردیانسک باشووری وڵات ئازاد کراوە".
کۆڤالیۆڤ جەختی لەوە کردەوە کە سوپای ئۆکراینا رووبەری چوار کیلۆمەتر چوارگۆشەیان بە ئاراستەی رۆژهەڵاتی باخموت رزگار کردووە و رایگەیاند: : "کۆی رووبەری ئازادکراو بە ئاراستەی باخموت ٢٤ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە".
ناوبراو تیشکی خستەسەر ئەوەی کە سوپای ئۆکراینا پێگەکانی خۆی بەهێزتر کردووە و سەربازانی رووسیا وەڵامی هێرشەکانی ئۆکراینایان داوەتەوە و پێکدادانی توند بەردەوامە.