Selçuk Acar,Ramal Abdullah Mahmood
14 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی یەکەم 2017
نیویۆرک – AA
ئەو ئاگرەی یەکشەممەی رابردوو لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کەوتۆتەوە هێشتا کۆنتڕۆڵ نەکراوە، لەگەڵ ئەوەی بەشێکی بەرچاوی ئاگرەکە دامرکێنراوەتەوە بەڵام باری لەناکاو هەر بەردەوامە.
لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لە ساڵی ١٩٣٣ ئاگرکەوتنەوەی بەم ئەندازەیە ماڵوێرانکەر لە ویلایەتەکە رووینەداوە.
ژمارەی قوربانیانیش بۆ ٣٦ کەس بەرزبۆتەوە کە ژمارەیەکیان بەساڵاچوون.
کۆمپانیای دابەشکردنی غاز و کارەبا لە کالیفۆرنیا رایگەیاندووە بەمهۆیەوە تەزوی کارەبای ٣٤ هەزار بەشداربوویان پچڕاوە و ناشتوانن غاز بۆ ٤٧ هەزار بەشداربووی دیکەیان بنێرن.
ئاگرەکە کە لە ١٧ ناوچەی ویلایەتەکە کەوتووەتەوە کاریگەری کردووەتە سەر نزیکەی ٢٠٠ هەزار دۆنم و ١٩ هەزار کارمەندی ئاگرکوژێنەوەش لە هەوڵی ئەوەدان ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەڕێوەبەری فەرمانگەری باری لەناکاوی کالیفۆرنیا مارک چیلاردەکی رایگەیاند لەگەڵ ئەوەی بەشێکی زۆری ئاگرەکە دامرکێندراوەتەوە بەڵام هێستا لە باری ناکاوداین.
بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە کارمەندانی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی نەڤادا-ش لە هەوڵەکانیان بەردەوامن. تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی ویلایەتی ئوتاهیش لە شەممەوە دەستیان بە کارەکانیان کردووە بۆ دامرکاندنەوەی ئاگرەکە.