Zehra Ulucak,Muhammet Ali Kemal
01 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2018
جاکارتا/ئەنقەرە - AA
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەساتە سرووشتییە نیشتمانییەکان لە ئیندۆنێزیا دەستکەوتوون، ژمارەی ئەو کەسانەی بە هۆی بوومەلەرزە و دواتر تسونامییەکەی رۆژی هەینی رابردووەوە کە دوورگەی سولاوێسی گرتەوە، گیانیان لەدەستداوە بۆ هەزار و ٢٠٣ کەس بەرزبوویەوە.
لەو هەواڵانەی کە لە میدیا لۆکاڵییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە کە حکوومەتی جاکارتا ئاشکرایکردووە دانیشتوانی ناوچەکە دەتوانن لە مارکێتەکان پێداویستییەکانی خۆیان لە خۆراک وەربگرن و خەرجییەکانی لە لایەن حکوومەتەوە دەدرێت.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی هەواڵێکی "زە جاکارتا پۆست" گوتەبێژی ئاژانسی بەڕێوەبردنی کارەساتە سرووشتییە نیشتمانییەکان، سوتۆپۆ پورۆ نوگرۆهۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە جاکارتای پایتەخت، تیشكی خستووەتە سەر ئەوەی ئیدارەی سولاوێسی ناوەڕاست، لەدوای کارەساتەکەوە، دۆخی لەناکاوی لە ناوچەکە لە ٢٨ی ئەیلوولەوە تا ١١ی تشرینی یەکەم راگەیاندووە.
کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە و تسونامییەکە لە ١٣ ناوچەی نیشتەجێبوون لە دۆنگالا و هەشت ناوچەی نیشتەجێبوون لە پاڵو هەستیپێکراوە و بەو شێوەیەش دوو ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس ژیانیان بە هۆی کارەساتە سرووشتییەکەوە تێکچووە.
ئاماژە بەوەشدەکرێت لە کۆی ٧١ گەشتیاری بیانیی کە لەکاتی بوومەلەرزەکەدا لە ناوچەکە بوون، تا ئێستا پێنجیان بێسەروشوێنن.