Cemal Sargati
10 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2016
گوتەبێژى فەرمى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان، رێبوار حەمەد لە لێدوانێکدا بە ئاژانسى ئانادۆڵوى راگەیاند: "لە دواى ساڵی ٢٠٠٣وە عێراق بووەتە مەیدانى دەزگا هەواڵگرییەکان و هێزە سەربازییەکانى ناوخۆیى و دەرەکیيەکان و بەتەنهاش هێزى تورکیا لە عێراق نییە بەڵکو هێزى سەربازى و دەزگاى هەواڵگرى زۆرى تێدایە".
گوتەبێژى فەرمى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان گوتى: "ئێمە وەک کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان پێمان وایە کە ئەگەر باسى سەروەرى خاکى عێراق بکرێت بڕیار لەسەر ئەوەبێت کە دەبێت سەروەرى خاکى عێراق بپارێزرێت ئێمە پێمان وایە کە سەروەرى خاکى عێراق بەوە دەپارێزرێت کە هەموو هێزە بیانییەکان و نێودەوڵەتییەکان لە عێراق دەربچن و هیچ هێزێکى بیانى نەهێتە ناو خاکى عێراقەوە و سەروەرى ئەو وڵاتە بەو شێوەیە دەپارێزرێت بۆیە نابێت تەنها هێزەکانى تورکیا قسەیان لەسەر بکرێت".
رێبوار حەمەد راشیگەیاند: "لە ئێستادا شەڕێکى گەورە هەیە کە شەڕى لەناوبردنى داعشە کە هاوپەیمانێتییەکى فراوانى نێودەوڵەتیی دروستبووە بۆ ریشەکێشکردنى داعش و گرتنەوەى مووسڵ و لەناوبردنى ئەو گرووپە تیرۆریستیانەی کە دروستبوون بە بڕواى ئێمە هەر وڵاتێک هاوکارى و پشتوان بێت دەبێت پێشوازى لێ بکرێت بەوەش دەبێت پێشوازى لە تورکیا بکرێت".
گوتەبێژى فەرمى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان ئەوەشى گوت: "زۆر باشم لەبیرە لە ساڵى 2014دا، سەرۆکوەزیرانى عێراق خۆى لە شارى ئەنقەرە داواى لە تورکیا کرد کە هاوکارى سەربازى و ئەمنى عێراق بکات بۆیە لە ئێستادا ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەبێت ئەو پرسیارە ئاراستەى سەرۆکوەزیران بکات".
ئەوەشى گوت: "ئێمە وەک کۆمەڵى ئیسلامى پێمان وایە کە دەبێت عێراق هاوشێوەى هێزەکانى تر مامەڵە لەگەڵ تورکیادا بکات وەک یەک مامەڵە لەگەڵ وڵاتان بکرێت".
لەبارەى شەڕى مووسڵ و ئازادکردنى ئەو شارە رێبوار حەمەد گوتى: "بۆ شەڕى مووسڵ سێ بنەماى سەرەکى هەن، یەکەمیان دەبێت رێککەوتن لە نێوان هەموو پێکهاتەکانى عێراق بکرێت بەتایبەت ئەوەى کە شارى مووسڵ ناوچەیەکى سوننەنشینە و بەشێکى دەکەوێتە چوارچێوەی ماددەى 140ی دەستوور کە تایبەتە بە کورد و بەشێکە لە خاکى هەرێمى کوردستان و گرنگى خۆى هەیە بۆیە دەبێت سەرکردایەتى سیاسى کوردستان رێککەوتن بکات و ناوچە کوردستانیەکان پارێزراو بێت".
گوتیشى: "دووەم بنەما دەبێت خەڵکى سڤیل و مەدەنى ناوچەى مووسڵ پارێزراو بن وە نەکرێنە قوربانى شەڕەکە. سێیەم بنەماش کە ئەویش بنەمایەکی زۆر گرنگە ئەوەیە کە دیمۆگرافیاى مووسڵ نەشێوێندرێت وەک خۆى بهێڵدرێتەوە".