هه‌ولێر-AA
مه‌حموود عوسمان ره‌خنه له ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ده‌گرێت و ده‌ڵێت ناوه‌كه‌ی هه‌ڵه‌یه، ده‌شڵێت ده‌بوو وردتر لێكۆڵینه‌وه له ریفراندۆم كرابا.
ئه‌و به سندوقه ره‌شه‌كه‌ی بارزانی ده‌ناسرێت كه زۆرترین په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وێ كاتی شۆڕشی كوردستانی له لایه له سه‌رده‌می مه‌لا مسته‌فای بارزانی، به‌تایبه‌ت په‌یوه‌ست به په‌یوه‌ندییه‌كانی كورد و ئیسرائیل له شه‌ست و حه‌فتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا، ره‌نگه هۆكاریش بۆ ئه‌مه ئه‌وه بووبێت ئه‌و زمانه‌كانی ئینگلیزی، فه‌ڕه‌نسی، عه‌ره‌بی، فارسی، كوردی و وه‌كو ده‌ڵێت "كه‌مێكیش ئه‌ڵمانی" ده‌زانێت"، مه‌حموود عوسمان له 18 ساڵییه‌وه سه‌رقاڵی شۆڕش و سیاسه‌ته له نووسینگه‌كه‌ی خۆی له ماڵه‌كه‌ی له هه‌ولێر چاوپێكه‌وتنێكی دوور‌و درێژمان له‌گه‌ڵ كرد.
مه‌حموود عوسمان 79 ساڵ ته‌مه‌نی هه‌یه، پرچی له‌نێو سیاسه‌تدا سپی كردووه، به چاكه‌ت و پانتۆڵه‌وه زۆر جار ده‌رده‌كه‌وێت. له پشته‌وه‌ی كتێبخانه‌یه‌كی مام ناوه‌ندی لێیه، له‌سه‌ر مێزهكهشی كتێبی "دیموكراسی" له نووسینی راوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا و وه‌زیری پێشووتری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته، كۆندالیزا رایس، فه‌رهه‌نگێكی فه‌ڕه‌نسی كوردی "سۆرانی، كرمانجی" هه‌بوون، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌شدا كتێبی "دیداری ته‌مه‌ن" كه به‌شێكه له یاداشته‌كانی ئه‌و سه‌رۆك كۆماره‌ی چه‌ند رۆژێكی كه‌مه كۆچی دوایی كردووه "جه‌لال تاڵه‌بانی"، له ژێر ده‌ستیشیدا چه‌ند ده‌فته‌رێك هه‌بوون كه ده‌یگوت سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی یاداشتهكانییهتی.
ئه‌گه‌رچی چه‌ند جارێكه پرسی یاداشته‌كانی لێ ده‌كه‌ین، به‌ڵام به قسه‌ی ئه‌و بۆ ساڵی ئاینده ره‌نگه ته‌واوی بكات كه پێده‌چێت زۆر شتی تێدابێت و چه‌ندین نهێنی ئاشكرا بكات له‌باره‌ی مێژووی كورد له كوردستانی عێراق، ئه‌گه‌رچی ئه‌و به‌وه ناسراوه زۆرێك له نهێنییه‌كان ئاشكرا ده‌كات.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: زۆر وڵات و كه‌س نه‌سیحه‌تی كوردیان كرد ریفراندۆم نه‌كه‌ن، به‌ڵام دواجار كردییان، له‌دوای ریفراندۆم چی ده‌بێت؟
مه‌حموود عوسمان: من له سه‌ره‌تاوه بۆچوونم وابوو ریفراندۆم به وردتر لێی بكۆڵدرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی بزانیین ئه‌نجامی پۆزه‌تیڤ و نێگه‌تیڤ چۆنه و كێی له‌گه‌ڵدایه و كێی له‌گه‌ڵدانییه، به شێوه‌یه‌كی گشتی باشتر ده‌بوو ئه‌گه‌ر به وردتر لێكۆڵینه‌وه‌مان له‌سه‌ر كردبا، چونكه ئه‌و كاته خۆمان باشتر ئاماده ده‌كرد كه ئه‌نجامه‌كان چی بن به‌ره‌نگاری بینه‌وه و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، به‌هه‌ر حاڵ ریفراندۆم كرا و رێژه‌ی 93 له‌سه‌دی خه‌ڵك گوتییان به‌ڵێ، فعله‌ن خه‌ڵك ده‌ڵێن به‌ڵێ، چونكه كورد به سروشتی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت، به‌ڵام چونكه ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌ره‌وه بۆچوونییان وایه عێراق یه‌كگرتووه و یه‌ك وڵاته و نابێت جیاببینه‌وه و ئێمه به‌شێكین له‌و وڵاته، بۆیه كاردانه‌وه‌ی زۆری له‌سه‌ر بوو، وڵاتانی ده‌ورووبه‌ریش وه‌كو توركیا و ئێران هه‌ر له بنچینه‌دا پاڵپشتیی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ناكه‌ن، چونكه كوردی‌یان هه‌یه و كێشه‌یه‌كی زۆریان له‌گه‌ڵ كوردی خۆیان هه‌یه و نایانه‌وێت له‌و دیوی سنوور كوردێكی سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێت، بۆیه ئه‌و هه‌موو ناكۆكییانه‌ی لێ دروست بووه.
بێ گومان حكوومه‌تی به‌غداش بۆچوونی روونه، شۆڤێنییه‌تی عه‌ره‌بی دژ بە سه‌ربه‌خۆیین، هه‌روه‌ها تا راده‌یه‌ك هاوكارییه‌كیش له نێوان توركیا و ئێران و عێراقیش دروست بووه، ره‌نگه سووریاش، بۆیه كێشه‌یه‌كی زۆر دروست بووه، كێشه‌كه له‌وه نییه ریفراندۆممان كردووه، به‌ڵكو كێشه‌كه له بنچینه‌دا ئه‌وه‌یه ئه‌وان له‌گه‌ڵ كێشه‌ی كورد نیین و ره‌خنه‌ی لێ ده‌گرن، به‌ڵام ریفراندۆم بوو به بیانوو بۆیان، به‌تایبه‌ت كه ده‌بینین ئه‌مریكا و وڵاتانی دیكه له‌گه‌ڵ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی نیین، بۆیه ئه‌وانیش هان ئه‌ده‌ن بۆ ئه‌و هه‌ڵوێستانه، بۆیه ئومێده‌وارن ئه‌و كێشه‌یه زیاتر نه‌بێت.
كوردیش وه‌ك پێویست هه‌ڵوێستی یه‌كڕیز نییه بۆ به‌رنگاربوونه‌وه‌ی كێشه‌كان، حزبه‌كان بۆچوونی جیاوازییان هه‌یه، بۆیه ده‌بێت یه‌كڕیزی خۆمان هه‌بێت و دیالۆگ له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانیین ئه‌و مه‌ترسییانه‌ی هه‌ن چۆن به‌رنگاریان بینه‌وه.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت كورد له‌سه‌ر "چاوقایمی" به‌رده‌وام بوو و ریفراندۆمی كرد، له‌دوای ریفراندۆم كورد بۆ سه‌ربه‌خۆیی ده‌چێت یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق به بۆچوونی تۆ؟
مه‌حموود عوسمان: ئه‌وه‌ی كه ده‌نگی داوه رێژه‌ی 93 له‌سه‌دی بۆ به‌ڵێ ده‌نگی داوه، كه‌واته ده‌وڵه‌تی ده‌وێت، بۆیه ناتوانی ئه‌وه ئیهمال بكه‌یت، ئه‌و ده‌نگی بۆ ده‌وڵه‌ت داوه، تۆ قورساییهكت خستووه‌ته سه‌ر شان و ده‌ڵێی ده‌وڵه‌ت دروست ده‌كه‌یت و داوای میلله‌ت جێبه‌جێ ده‌كه‌یت، بۆیه ده‌بێت به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی بچیت، به‌ڵام ئیتر ئه‌وه مه‌رج نییه ئێستا بێت، ئه‌وه‌ش قۆناغی ده‌وێت، ده‌توانیت ئه‌و مه‌سه‌له‌یه بۆ ماوه‌یه‌ك دوای بخه‌یت تا بارودۆخه‌كه گونجاو ده‌بێت، بارودۆخی ده‌ره‌وه، پاڵپشتی ده‌وڵه‌تان و شتی تر.
یان ئه‌وه‌تا له جیاتی ئه‌وه داوای كۆنفیدڕاڵی بكه‌یت كه له فیدڕاڵییه‌ت له پێشتره و جیاوازیشه له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه، هه‌ریه‌ك كیانی خۆی هه‌بێت و به‌یه‌كه‌وه ئیشه‌كان بكه‌ن. له راستییدا حكوومه‌تی عێراق مافی ئه‌وه‌ی نییه بڵێت ریفراندۆم هه‌ڵوه‌شێنه‌وه ئینجا قسه‌تان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌م، چونكه كرا‌و و كه‌س ناتوانێت ههڵێوهشێنێتهوه، هیچ سه‌ركردایه‌تی و په‌رله‌مانێكیش ناتوانێت هه‌ڵی بوه‌شێنێته‌وه، ئه‌مه بڕیاری میلـله‌ته بڕیاری كه‌س نییه به‌ته‌نها، بۆیه ئه‌و پێشمه‌رجه‌ی به‌غدا هه‌ڵه‌یه و پێویسته مانعییان نه‌بێت گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ بكه‌ن، ئه‌وه‌ش با نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی سه‌رپه‌رشتی بكه‌ن به‌ڵكو بتوانیین بگه‌ینه ئه‌نجام، چونكه كێشه‌كانی ئێمه هی ئێستا نیین، هه‌رهه‌مووی 10 ساڵه كێشه‌كان كه‌ڵه‌كه‌بوون و چاره‌سه‌ر نه‌كران، بۆیه ده‌بێت تۆ ته‌نها له‌گه‌ڵ ئه‌نجامه‌كه‌ی نه‌كه‌یت، به‌ڵكو له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش بۆ ریفراندۆم كرا، بۆیه هه‌ڵوێستی به‌غدا تونده و زۆر یاساییش نییه، نه‌ده‌بوو به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه بكه‌ن، ده‌بێت چاره‌سه‌ر بدۆزنه‌وه نه‌ك به‌و شێوه‌یه مامه‌ڵه بكه‌ن.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: پێش ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئه‌مریكا، به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پێشنیازێكیان خسته به‌رده‌م بارزانی بۆ ئه‌وه‌ی ریفراندۆم دوابخات، ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كران دواتر ریفراندۆم بكرێت، پێشبینی ده‌كه‌یت پاش ریفراندۆم ئێمه له سێ ساڵدا ببینه خاوه‌ن ده‌وڵه‌تی خۆمان؟
مه‌حموود عوسمان: ئه‌وه‌ی هاتووه وانییه، من بینیومه، ئه‌وه‌یه كه سه‌ركۆماری عێراق، دکتۆر فوئاد مه‌عسوم هێناویه‌تی، ئه‌ویش ده‌ڵێت ساڵ و نیوێك گفتوگۆی جیددی بكه‌ن، دوای ئه‌وه‌ی ساڵ و نیوێكیش بوار بده‌ین بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و شتانه‌ی رێككه‌وتنییان له‌سه‌ر كراوه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ش نه‌بوو ئه‌وا چاوخشاندنه‌وه بكرێت، و مه‌جالت هه‌بێت ریفراندۆم بكه‌ین، باسی سه‌ربه‌خۆیی ناكات، ئه‌گه‌ر باسی ئه‌وه كرابا، ره‌نگه كورد رازی ببوایه، بۆیه لایه‌نی كوردستانی بینییان هیچ گه‌ره‌نتییه‌كی ته‌واوی نییه بۆیه په‌سه‌ندییان نه‌كرد.
ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی ده‌كه‌یت تا سێ ساڵی تر کورد بتوانن ببنه خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆیان؟
مه‌حموود عوسمان: كات له مه‌سه‌له سیاسییه‌كان گرنگ نییه، به‌ڵام به دوو شت ده‌توانیین سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست بهێنین، یه‌كه‌م ئه‌وه‌یه له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق رێبكه‌وین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بكه‌ین ئه‌مڕۆ سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین ئه‌وا هیچ وڵاتێك دژی نابێت، ئه‌مه‌ش زۆر دووره ببێت، دووه‌میش ئه‌وه‌یه بڕیارێكی نێونه‌ته‌وه‌یی هه‌بێت كه كورد ده‌توانێت ده‌وڵه‌تی هه‌بێت یان عێراق دابه‌ش ببێت، بۆیه ئه‌م دووخاڵه هه‌یه، هیچ یه‌كێك له‌و دووخاڵه نییه، بۆیه ده‌بێت كار بكه‌ین له‌گه‌ڵ به‌غدا لێكتێگه‌یشتن بكه‌ین، كار بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیز بین له‌نێوخۆماندا، هه‌روه‌ها له ده‌ره‌وه‌ش لۆبی دروست بكه‌ین و كار بكات بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ش دان به مافه‌كانی كورد و ده‌وڵه‌تی كورد بنێین.
"په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل زه‌ره‌ره و پاڵپشتیی بۆ ده‌وڵه‌تی كوردی خراپه"
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ئیسرائیل بۆچی پاڵپشتی له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردستان ده‌كات؟ هۆكار چییه؟
مه‌حموود عوسمان: ئیسرائیل به ره‌سمی وه‌كو ده‌وڵه‌ت پشتیوانی نه‌كردووه، ته‌نها سه‌رۆكوه‌زیران، بێنیامین ناتانیاهو قسه‌ی كرد، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا گوتی بێده‌نگ به بێده‌نگ بوو، قسه‌یه‌ك بوو كردیان و رۆیشت، چونكه ئیسرائیل ناتوانێت له ستراتیجییه‌تی ئه‌مریكا ده‌ربچێت، ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر له شتێك له ناوچه‌كه رازی نه‌بێت ئیسرائیل ناتوانێت به‌زۆر بیكات، ته‌نها ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كی ئیسرائیلی بێت، ئه‌وكات ده‌توانێت بیكات به‌هه‌را و بێده‌نگ نه‌بێت.
ئێمه له شهستەکان و حه‌فتاكانی سەدەی رابردوودا پێش ساڵی 1975 له‌گه‌ڵ ئیسرائیل په‌یوه‌ندییمان هه‌بوو، په‌یوه‌ندیی ئێمه و ئیسرائیل زه‌ره‌ره و هیچ سوودمان لێ نه‌بینی، له كۆندا هیچ سوودمان له‌و په‌یوه‌ندییانه نه‌بینییوه، ئێستاش ئه‌و په‌یوه‌ندییه بۆ ئێمه زه‌ره‌ره، چونكه بۆ نموونه ئه‌گه‌ر ئیسرائیل پاڵپشتییمان بكات ئه‌وا ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی، ده‌وڵه‌تانی ئیسلامی دژایهیتمان ده‌كەن، وڵاتانی تر دژایه‌تیمان ده‌كه‌ن، چی سوودێكمان كرد؟، ئیسرائیل چییمان بۆ ده‌كات؟، نه سنووری له‌گه‌ڵمان هه‌یه و نه هیچ، بۆیه قه‌د دڵم به‌و په‌یوه‌ندییه خۆش نییه و پێم خراپه و به فاكته‌رێكی نه‌رێنی ده‌زانم، داواشم له كورد كردووه كه نه‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌یوه‌ندیی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، چونكه زه‌ره‌رمان لێ ده‌دات، ئێمه له‌م ناوچه‌یه پێویستمان به توركیایه، به ئێرانه، به عه‌ره‌به، هه‌موویان دژ بە ئیسرائیلن، باشه ئیسرائیل چیمان بۆ ده‌كات؟، پێشم ناخۆشه له خۆپیشاندانه‌كان ئاڵای ئیسرائیل ده‌ركه‌وت و شتێكی خراپ بوو، ره‌نگه هه‌ر خه‌ڵكێك بۆ خۆیان ئه‌وه‌یان كردبێت، به‌ڵام شتێكی خراپ بوو، چونكه ئه‌و لایه‌نانه‌ی نه‌یاری ئێمه‌ن سوودی لێ وه‌رده‌گرن و ده‌ڵێن ئه‌مانه ئیسرائیلی دووه‌من، بۆیه پاڵپشتیی ئیسرائیل بۆ ئێمه خراپه.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: كه‌واته تۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و تێزه نییت كه ئه‌گه‌ر ئیسرائیل پاڵپشتی له پرسێك بكات ئه‌و پرسه ده‌یباته‌وه؟
مه‌حموود عوسمان: نه‌خێر، ئیسرائیل ته‌نها بۆ ئیشی خۆی ئه‌و كاره ده‌كات، چونكه ئیسرائیل به‌تایبه‌ت له ئه‌مریكا لۆبییه‌كی به‌هێزی هه‌یه و كۆنگرێس پاڵپشتی ده‌كات، بۆیه ئه‌و لۆبییه بۆخۆی به‌كارده‌هێنێت، به‌ڵام بۆ شتی تر بۆیان نییه ده‌ستوه‌ردان له وڵاتانی تر بكه‌ن و ئه‌مریكا پاڵپشتییان بكه‌ن.
ئێمه له ساڵی 1975 كه شۆڕشه‌كه‌مان تێكچوو ئیسرائیلیش و ئێرانی و ئه‌مریكیش له‌وێ بوون، ئیسرائیلییه‌كان پێیانناخۆش بوو شۆڕشه‌كه‌مان لێ تێكچوو و ده‌یانه‌ویست شۆڕشه‌كه بمێنێت و له‌گه‌ڵ سوپای عێراق شه‌ڕ بكه‌ین و كورد شتێكی هه‌بێت، به‌ڵام ئیتر كه تێكچوو و شا خیانه‌تی كرد و رێككه‌وتنی جه‌زائیر كرا، ئیدی ئه‌وانیش پێیان گوتبوون كه ده‌بێت لێره بڕۆن، ئیتر پێشیان ناخۆش بوو، به‌ڵام ئه‌وان گوتیان ئه‌مریكا پێیان گوتوون كه ده‌بێت ئه‌و شوێنه چۆڵ بكه‌ن، ئیسرائیل ئێستاش دوو سێ قسه‌ی له‌سه‌ر زاری بێنیامین ناتانیاهو گوت ئه‌مریكا گوتی بێده‌نگ به و دوای بێده‌نگ بوو، هه‌مان شتیشیان به سعوودیه‌ش گوتووه، سعوودییه‌ش وابوو كه له سه‌ره‌تاوه لای ئێمه ده‌یانگوت سعوودیه و وڵاتانی كه‌نداویش پاڵپشتیی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن، چونكه دژی شیعه‌ن و ئه‌و شتانه، به‌ڵام دوای سعوودیه به‌یاننامه‌ی ده‌ركرد و گوتی نابێت ریفراندۆم بكرێت و دوای بخه‌ن.
بۆیه ده‌بوو ئێمه له شیكردنه‌وه و لێكۆڵینه‌وه‌ماندا بۆ ئه‌مریكا و په‌یوه‌ندیی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه و وڵاتانی جیهان به‌گشتی وردتر بین.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌و كاته ئیسرائیل له شهستەکان و حه‌فتاكانی سەدەی رابردوودا پاڵپشتیی كوردی ده‌كرد وه‌كو پێویست بوو؟
مه‌حموود عوسمان: نه‌خێر ئه‌و كاته‌ش نه‌یكردووه، ئێمه چونكه له لایه‌ن به‌غداوه شه‌ڕمان له‌گه‌ڵ ده‌كرا و وڵاتانی عه‌ره‌بی هه‌مووی پاڵپشتیی سه‌دامییان ده‌كرد، ته‌نها ئێران نه‌بێت كه پاڵپشتیی ده‌كردین و ئێمه‌ش سیقه‌مان پێ نه‌بوو به راستی، چونكه مه‌لا مسته‌فا ئێرانی له مه‌هاباد تاقی كردبوویه‌وه و ده‌یگوت متمانه‌ی به ئێران نییه و هه‌ر كاتێك بیانه‌وێت خیانه‌تمان لێ بكه‌ن ده‌یكه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌وڵی ئیسرائیل درا كه به هۆی ئێرانه‌وه هاتنه ناو ئیشه‌كه‌مان و ئامانجی مه‌لا مسته‌فا و سه‌ركردایه‌تی كورد ئه‌وه‌بوو ئێمه له رێگه‌ی ئیسرائیله‌وه بگه‌ین به ئه‌مریكییه‌كان، چونكه ئه‌وكاته ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ ئێمه مه‌رحه‌بایی نه‌بوو، ئه‌وكاتیش ئیسرائیل و لۆبی جووله‌كه له ئه‌مریكا زۆر به‌هێزن، به‌ڵام چه‌ند هه‌وڵمان دا ئه‌وان قه‌د هه‌وڵی ئه‌وه‌یان بۆ ئێمه نه‌دا و ئه‌مریكاش بواری ئه‌وه‌ی نه‌ده‌دا به‌وان، ته‌نها چه‌ند پاره‌یه‌كی كه‌مییان داینێ، هه‌ندێك چه‌كیان داینێ، هیچ سوودێكی ئه‌وتۆیان پێ نه‌گه‌یاندین، ئه‌وه‌ی دهمانوسیت نه‌كرا، ئه‌وان سیاسه‌تی خۆیان هه‌یه ئه‌وه‌یه بۆ خۆیان هه‌موو شت ده‌كه‌ن، بۆ ئێمه شتێكی ئه‌وتۆیان نه‌كرد و له ستراتیجییه‌تی ئه‌مریكا ده‌رناچن، ئه‌مریكا شتێك بڵێ مه‌یكه‌ن نایكه‌ن، بۆیه ئیسرائیل له رابردوودا ویستی كورد به‌كاربهێنێت، به‌شێك بوو له سیاسه‌تی شا كه كورد به‌كاربهێنێت و له‌گه‌ڵ سوپای عێراق شه‌ڕ بكات و عێراق سه‌رقاڵی شه‌ڕ بكات و سووریا و ئه‌وانی تریش سه‌رقاڵ بن، ئه‌وانیش به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام له رووی سیاسییه‌وه له رابردوودا ئیسرائیل هیچی بۆ كورد نه‌كرد، ئێستاش ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ندێك قسه بوو و بێده‌نگ بوون، له‌وه ناچێت شتێكی جیددی هه‌بێت.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ئیسرائیل به‌جددی له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی كوردستان نییه؟
مه‌حموود عوسمان: ره‌نگه حه‌ز بكات له‌م ناوچه‌یه ده‌وڵه‌تێك دروست بێت عه‌ره‌ب نه‌بێت، به‌ڵام هیچمان گوێ لێ نه‌بووه، جگه له چه‌ند لێدوانێكدا كه دواییش بێ ده‌نگ بوون.
- "له‌دوای كورد سوننه‌كانیش له عێراق جیاده‌بنه‌وه"
- ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی ده‌كه‌یت له دوای سه‌ربه‌خۆیی كورد عێراق به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه؟ واته پێكهاته‌كان به بێ كورد بتوانن پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ن؟
مه‌حموود عوسمان: عێراق به ته‌نها كێشه‌ی ئێمه نییه، عێراق كێشه‌ی حوكمڕانیی هه‌یه، حوكمڕانی كردن له عێراق قه‌یرانه، ته‌ماشای حاڵی سوننه‌كان بكه چۆنه، نیوه‌یان ده‌ربه‌ده‌رن، ناوچه‌كانییان كاول بووه، دوژمنی‌یان شیعه‌یه، ئێستا هه‌موو رۆژێك سه‌دان كه‌س له حه‌ویجه‌وه راده‌كه‌ن بۆ لای كورد. له حه‌شدی شه‌عبی را ده‌كه‌ن، راسته به‌شێكیان له داعش را ده‌كه‌ن. له مووسڵ هه‌مان شت، بۆیه كێشه ته‌نها ئێمه نیین، به‌ڵكو كێشه‌كه ئه‌وه‌یه عێراقی دوای سه‌دام نه‌یتوانی حوكمڕانییه‌ك دابڕێژرێت كورد و سوننه و شیعه و توركمان و ئه‌وانی تریش پێكه‌وه بژیین، ئێستا شیعه‌كان ده‌یانه‌وێت زاڵ بن و خۆیان حوكمڕانی بكه‌ن، ده‌یانه‌وێت سوننه په‌راوێز بخه‌ن و كێشه‌یان بۆ دروست بكه‌ن، ببینه پێش ئێمه سوننه تووشی كێشه‌ی زۆر بوو و تیاچووه، كوردیش ئێستا ئه‌م كێشانه‌ی له‌گه‌ڵیاندا هه‌یه، بۆیه قه‌یرانه‌كه هی چۆنێتی حوكمڕانیی عێراقه، وه ئه‌و پڕۆسه سیاسییه‌ی پاش سه‌دام راگه‌یه‌نرا كه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ن و حزبه‌كان تیایدا بن سه‌رنه‌كه‌وتووه، ئاشته‌وایی نیشتمانیش له عێراق نه‌كراوه چه‌ند هه‌وڵ دراوه، ئێمه له ئه‌نجوومه‌نی حوكم و له به‌غداش بووین دواتریش هه‌وڵی زۆر درا ئاشته‌وایی نیشتمانی بكرێت و لێخۆشبوونی گشتی ده‌ربكرێت وه‌كو ئه‌وه‌ی ئێمه له‌دوای راپه‌ڕین كردمان، شیعه نه‌یكرد به‌ڵكو به‌عه‌كسه‌وه رۆحی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و ئه‌و شتانه‌یان زیاتر زاڵ كرد، بۆیه هه‌ر ئێمه كێشه‌مان نییه له عێراق، پێش كورد سوننه كێشه‌یان هه‌بوو، سه‌یری سوننه بكه له ئه‌نبار و مووسڵ وه‌زعیان چۆنه؟، زۆر زۆر له وه‌زعی ئێمه خراپترن.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: واته دوای كوردستان ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یه سوننه‌كانیش جیاببنه‌وه؟
مه‌حموود عوسمان: به‌ڵێ ئه‌گه‌ر رازییان نه‌كه‌ن، ئێستا له‌ناو سوننه ئه‌و قسانه هه‌یه، ئه‌وانه‌ی ده‌ربه‌رن له هه‌ولێر پیاوانی سیاسی و ئاینییهكانییان یه‌ك دوو كۆنگره‌یان كرد و هه‌ڵوێستییان هه‌بوو، فه‌توای موفتییان ده‌رچوو، زۆر زۆر له ئێمه توندترن، چونكه نایانه‌وێت له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی شیعه‌بن، شیعه‌ش ناهێڵێت ته‌نانه‌ت هه‌رێمیشیان هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی كوردستان سه‌ربكه‌وێت سوننه ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن و خراپتریش ده‌كه‌ن، ره‌نگه هی ئه‌وان سهركهوتووتریش بێت، چونكه سوننه و سعوودیه و توركیا پاڵپشتییان ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌وانه‌ی له به‌غدا حوكمڕانی ده‌كه‌ن كه زیاتر شیعه‌ن باشتره چاوێكی ته‌واو بخشێننه‌وه بكه‌ن به سیاسه‌ت و حوكمڕانییان، بزانن عێراق بۆچی وای لێهات، داعش هات و سه‌رله‌نوێ سیاسه‌تێك بهێنن و لایه‌نه‌كان رازی بكه‌ن، ره‌نگه ئه‌و كاته عێراق به یه‌كگرتوویی بهێڵنه‌وه، به‌مه‌رجێك ده‌ستوور جێبه‌جێ بكرێت.
- "ئه‌مریكا زۆر دۆستمان نییه، ئه‌وان له‌گه‌ڵ عێراقێكی یه‌كگرتوودان"
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌مریكا بۆچی پاڵپشتیی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ناكات؟
مه‌حموود عوسمان: سیاسه‌تی ئه‌مریكا نه‌گۆڕاوه له ساڵی 1975 به‌رامبه‌ر به ئێمه چۆن بوو، ئێستاش هه‌ر وایه، راسته له‌و نێوانه شتێك گۆڕاوه، له پێشتر پاڵپشتیی ئه‌نفالیان كرد كه به كیمیایی لێیان دایه ئه‌مریكا شاهێدی بۆ دا و گوتی سه‌دام نه‌بووه، ئه‌وان دژایه‌تی خومه‌ینییان ده‌كرد و وایانزانی خومه‌ینی دوژمنی سه‌ره‌كییه، به‌ڵام له 1991ه‌وه تا ئێستا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ كورد هه‌بووه و هاتوچۆ هه‌بووه، داعش به‌مدواییه كه په‌یدا بوو یارمه‌تیی كوردیان دا، شه‌ڕ كرا و ئه‌وانه، به‌ڵام هه‌موو په‌یوه‌ندییه‌كان ئه‌و سیاسه‌ته‌ی له ئه‌مریكا نه‌گۆڕی، سیاسه‌ت له ئه‌مریكا سه‌رباز دروستی ناكات، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه، كۆشكی سپی دروستی ده‌كات، ئه‌وان تا ئێستا سیاسه‌تییان ئه‌وه‌یه عێراق یه‌ك وڵاته و ده‌بێت وا بمێنێته‌وه، ئه‌مه مانای ئه‌وه نییه دوژمنی ئێمه‌ن، به‌ڵكو مانای ئه‌وه‌یه كه ده‌بێت عێراق به یه‌كگرتووی بمێنێته‌وه، به كوردیشیان گوت كه نه‌یكه‌ین و مه‌ترسیی هه‌یه، به راشكاویش به لای عه‌بادی شكاندیانهوه. له‌دوای ساڵی 2003ه‌شه‌وه ئه‌مریكا زیاتر به‌لای عێراقدا دایانشكاندووه نه‌ك به لای هه‌رێمی كوردستان، زیاتر پاڵپشتیی ئه‌وانی كردووه، فشاری زیاتری له‌گه‌ڵ ئێمه كردووه نه‌ك به‌غدا، چونكه كێ حوكمڕانی ده‌كات به لای ئه‌مریكاوه ئه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه، ئێستا له عێراق شیعه‌كان حوكمڕانی ده‌كه‌ن كه له‌گه‌ڵ ئێرانن، ئه‌مریكا به قسه‌ی ترامپ تیرۆریسترین ده‌وڵه‌ت ئێرانه، كه‌وایه بۆ پاڵپشتیی ده‌كات؟، بۆیه ئه‌وان مه‌بده‌ئیان وایه عێراق یه‌كگرتوو بن، ره‌نگه له‌به‌ر خاتری توركیا و وڵاتی تریش شتیان كردبێت، به‌ڵام جارێ وه‌كو به‌شێكی عێراق مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، ئه‌وه جێی داخه و ئه‌مریكا زۆر دۆستمان نییه.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا پاڵپشتیی سه‌ربه‌خۆیی ئێمه بكات سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست ده‌هێنین؟
مه‌حموود عوسمان: ئه‌مریكا ئه‌گه‌ر پاڵپشتی سه‌ربه‌خۆییمان بكات ده‌بێت بشمانپارێزێت، توركیا چی ده‌ڵێت؟ ئێران؟ عێراق؟ ئه‌مریكییه‌كان به‌شێكیان ده‌ڵێن ناتوانن پاڵپشتیی سه‌ربه‌خۆیی ئێوه بكه‌ین، چونكه ئه‌گه‌ر بیكه‌ن ئه‌وا ده‌بێت بتانپارێزین له رووی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و سه‌ربازی بۆیه ناتوانین، ده‌بێت بشزانین پاراستنی ده‌وڵه‌تێك سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌ورووبه‌ری دژی بێت ئاسان نییه، ئیسرائیل ئه‌گه‌ر ده‌ریایان نه‌بوایه ئه‌وا نهیدەتوانی به‌رده‌وام بێت، ئێمه ئه‌گه‌ر عێراق و توركیا و سووریا و ئێران دژمان بن ناتوانین شتێك بكه‌ین و له‌و نێوانه شتێك دروست بكه‌ین، كۆمه‌ڵگه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یش زیاتر حساب بۆ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه ده‌كات نه‌ك ئێمه، مەگەر له داهاتوو گۆڕانكاریی له عه‌قڵییه‌تی حوكمڕانی ئه‌و وڵاتانه بێت و بزانن كه كورد مه‌ترسیی نییه بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان و خاكی كه‌سی داگیرنه‌كردووه، نه خراپه‌ی كردووه، كورد به‌رگریی له خۆی ده‌كات، ئێستا كه ده‌ڵێن كورد مه‌ترسییه بۆ سه‌ر ئه‌وان ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تییان هه‌بێت راست ناكه‌ن، كوردستان دژ بە ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌وان نابێت، ئێمه مه‌ترسی نیین له‌سه‌ر كه‌س، به‌ڵام ئیتر ئه‌وان سیاسه‌تییان وایه.
- "ئه‌گه‌ر له توركیا و ئێران كورد نه‌بایه‌ن ئه‌و دوو وڵاته پاڵپشتیی سه‌ربه‌خۆیی ئێمه‌یان ده‌كرد"
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ئێران و توركیا دوو وڵاتن زۆرترین دژایه‌تیی خۆیان بۆ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نیشانداوه، ئه‌مان بۆچی ئه‌م دژایه‌تییه زۆره ده‌كه‌ن له كاتێكدا به‌رژه‌وه‌ندیی زۆریان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه؟
مه‌حموود عوسمان: راسته ئه‌م دوو وڵاته زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان له رووی بازرگانی، ئابووری و نه‌وت هه‌یه، به‌ڵام له رووی سیاسییه‌وه سیاسه‌تییان نه‌گۆڕاوه، شۆڤینی و تایفیی و توندڕه‌ون، كورد به مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان ده‌زانن، ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه كورد له توركیا له ئێرانیش هه‌یه، سه‌یری دهستوورهكانییان بكه به هیچ شێوه‌یه‌ك باسی مافی كورد ناكه‌ن، دیاره هێشتا له‌و باوه‌ڕه‌دان كه نابێت كورد مافی بدرێتێ، چونكه به مه‌ترسییان ده‌زانن، بۆیه ئه‌گه‌ر له ئێران و توركیا كورد نه‌بایه‌ن ئه‌وا دڵنیام ئه‌وكات هه‌ڵوێستی ئه‌و دوو وڵاته زۆر جیاوازتر ده‌بوو، چونكه ئه‌و كاته كێشه‌یه‌كیان نه‌بوو له‌گه‌ڵ ئێمه، به‌ڵام ئێستا حسابی ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ر له‌و دیوی سنوور ده‌وڵه‌تێك هه‌بێت ئه‌وا كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كوردی خۆشیان ده‌بێت و ده‌ڵێن كوردی خۆشیان سبه‌ی داوای ریفراندۆم و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌كه‌ن، بۆیه دژ ده‌بن، ئه‌وه‌ش زۆر خراپه، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقیش كه دژیین به‌تایبه‌ت توركیا رێككه‌وتوون له دژی ئێمه، له‌كاتێكدا پێشتر توركیا و عێراق زۆر كێشه‌یان له‌نێواندا هه‌بووه، بۆیه سیاسه‌ته‌كه‌یان هه‌ڵه‌یه و كوردستان به‌مه‌ترسی له‌سه‌ر خۆیان ده‌زانن.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت له مه‌سه‌له‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا یه‌كێتیی ئه‌ورووپاش وه‌كو ناوه‌ندێكی نێوده‌وڵه‌تی بێده‌نگ بوو، ئه‌م بێده‌نگییه‌ی ئه‌و یه‌كێتییه بۆچی؟
مه‌حموود عوسمان: یه‌كێتیی ئه‌ورووپا بێده‌نگ نه‌بوو، داوای دواخستنی ریفراندۆمیان كرد، ئه‌وان له دژی ریفراندۆم قسه‌یان نه‌كرد، به‌ڵام له‌گه‌ڵیشی نه‌بوون، به‌كرده‌یی سه‌لمێنراوه له كۆن و ئێستاشدا یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ته‌ماشای ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، ئه‌مریكا دژ بە شتێك بێت ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌ڕۆن، بۆیه مه‌سه‌له‌كه روونه، زۆر نه‌گه‌یشتنه ناو ئه‌وه‌ی كێشه دروست بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵیشی نه‌بوون و هه‌ڵوێستی دوژمنانهشییان نه‌بوو.
- "سزادانی هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن عێراقه‌وه سیاسی و شۆڤێنی و نایاساییه"
- ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچوونتان چییه له‌سه‌ر سزاكانی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌گه‌رچی پێكدادانی سه‌ربازیی له نێوان پێشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی به‌تایبه‌ت له كه‌ركووك هه‌یه؟
مه‌حموود عوسمان: ئه‌و سزایانه‌ی له په‌رله‌مانی عێراقه‌وه ده‌رچوون زۆر نایاسایی و نائاسایی و نا سروشتیین. له په‌رله‌مان كارمانكردووه، تا بڕیارێك ده‌رده‌كرێت چه‌ند رۆژێكی ده‌وێت، به‌ڵام له رۆژێكدا چه‌ند بڕیارێكیان ده‌ركرد كه ئه‌مه زۆر سیاسییانه بوو. په‌رله‌مانی عێراق ده‌بوو یه‌كه‌م پرسیار له دادگه‌ی باڵا بكات كه ئه‌وه‌ی كورد یاساییه یان نا، ئینجا پاش ئه‌وه بێت شتێك بكات، نه‌ده‌بوو شتێكیش بكات بێ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتاره كورده‌كان له‌وێ بن، هه‌ڵوێستی سه‌یرییان ده‌ربڕیوه، بۆیه هه‌ڵوێستی شۆڤێنی و سیاسیین و زۆر به په‌له و ناڕاست بوو، كاریگه‌ریی پێچه‌وانه‌ی هه‌بوو، چونكه كوردی كرد به‌یه‌ك، كورد پێشتر وانه‌بوون، به‌ڵام پاش بڕیاره‌كان جیاواز بوو، بڕیاره‌كانی حكوومه‌تی عێراقیش زۆر په‌له‌په‌له بوو، فڕۆكه‌خانه‌كانی داخست، سنووره‌كان و ئه‌و شتانه، فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رێزلێنانییان هه‌یه كه له باشترین فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراقن، ئینجا فڕۆكه‌خانه دامه‌زراوه‌یه‌كی مرۆییه و ته‌نها بۆ كورد نییه، ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه هه‌یه، بۆیه ئه‌مه سزای به‌كۆمه‌ڵ بوو كه له تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه ده‌چێت، ئومێده‌وارم چاوی پێدابخشێننهوه.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: پێشبینی پێكدادانی سه‌ربازی به‌تایبه‌ت له كه‌ركووك ده‌كه‌یت؟
مه‌حموود عوسمان: له‌وه ناچێت، به‌ڵام نازانیین له پاش حه‌ویجه چی لێ دێت؟ ئێستا هێزه‌كانی عێراق سه‌رقاڵی حه‌ویجه‌ن و ئه‌مجاره پێشمه‌رگه تێكه‌ڵ نه‌بوو و داوایان نه‌كرد ئه‌وان، ئایا پاش حه‌ویجه شتێك ده‌كه‌ن له‌وباره‌یه‌وه یان نا دیارنییه، چونكه ئه‌وان ده‌ڵێن ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵات له ناوچه جێناكۆكه‌كان وه‌ربگرنه‌وه، به‌ڵام ده‌شڵێین به یاسا، بۆیه ئه‌گه‌ری هه‌یه جموجۆڵێك بكه‌ن، به‌ڵام سوپای عێراقی مه‌یلی ئه‌وه ناكات، ره‌نگه حه‌شد شتێك بكات، ئه‌گه‌ر شتێك بێت پێشمه‌رگه‌ش ئاماده‌یه و به‌رگریی له خۆی ده‌كات.
-"ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی كوردستان-عێراق هه‌ڵه بوو"
-ئاژانسی ئانادۆڵو: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت له‌كاتی خۆیدا؟
مه‌حموود عوسمان: وێنەكه زۆر روون نییه، یه‌كه‌م بڕیار هه‌یه له مانگی یانزه بكرێت، كه‌سیش داوای دواخستنی نه‌كردووه، له 15ی مانگه‌وه بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێبكات، كه‌سیش بۆ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم خۆی نه‌پاڵاوتووه، تاكه‌كه‌س كاك محه‌مه‌د تۆفیق ره‌حیم بوو، ئه‌ویش قبوڵییان نه‌كردووه، ئیتر كه‌س نییه، ئیتر هه‌ڵبژاردن بۆ كێ ده‌كه‌ن؟، بۆ په‌رله‌مان دیار نییه لیسته‌كان چۆنن؟ ماوه‌كه‌ی كه‌مه، به‌ڵام له‌وه ده‌چێت هه‌م كۆمیسیۆن و هه‌م لایه‌نه‌كانیش ده‌یانه‌وێت له‌كاتی خۆیدا بكرێت، پێمباشه یاسایی بێت و هه‌موو شته‌كان له‌كاتی خۆی بێت ئه‌گه‌ر شته‌كان ته‌واوبن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێویستییان به مانگێك یان دوو هه‌فته‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو شته‌كان ته‌واوبێت ئه‌وه‌ش ده‌بێت، به دانپێدانانی خۆیان تۆماری ده‌نگده‌ران 65 هه‌زار مردووی تێدایه، ئه‌ی نابێت ئه‌مانه ده‌ربهێنرێت؟، ئه‌گه‌ر بكرێت پاك و ئازاد بێت و ساخته‌كاری تێدا نه‌بێت بكرێت باشتره، ئه‌گه‌ر كه‌مێك پێویستی به دواخستن هه‌بێت ئه‌وا قه‌یدی چییه با بیكه‌ن.
من باوه‌ڕم به هه‌ڵبژاردنه‌كانی دوای 2003یش نییه، پێش ئه‌وه‌ش هه‌ڵبژاردن هه‌ر هیچ نه‌بووه، بۆیه باوه‌ڕم پێی نییه، چونكه سه‌رژمێری نه‌كراوه له‌و ماوه‌یه، دووه‌م به كۆبۆنی خۆراك ده‌كرێت و ئه‌وه‌ش له بازاڕ چه‌ندت ده‌وێت ده‌كرێت، هه‌روه‌ها یاسای حزبه‌كانیش نییه، حزب هه‌یه چوار كه‌ناڵی هه‌یه و هه‌یه هیچی نییه، بۆیه ئه‌مه‌ش نییه وه‌كو پڕنسیپی یه‌كسانی و ئه‌وانه، بۆیه هه‌ڵبژاردنه‌كان به ته‌واوه‌تی دروست نییه.
- ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی كوردستان –عێراق؟
مه‌حموود عوسمان: پێشتر ئه‌نجوومه‌نێك هه‌بوو به‌ناوی ئه‌نجوومه‌نی باڵای ریفراندۆم، باشه، ئه‌مجاره ئه‌نجوومه‌نێكی تر دروستكراوه كه باشتر بوو ناوی ئه‌نجوومه‌نی سیاسی كوردستان بێت، ئه‌و داش عێراقه‌ی ناوێت، چونكه تۆ 26 ساڵه حوكمڕانی ده‌كه‌یت ئه‌و داش عێراقهت نه‌بووه، به‌تایبه‌ت پاش ریفراندۆم، ئه‌مه غه‌ڵه‌ته، چونكه خه‌ڵك گومانت لێ ده‌كات ده‌ڵێت تۆ كوردستان بوویت پاش ریفراندۆم دیاره ده‌ته‌وێت بچیته‌وه بۆ عێراق.
دووه‌م سه‌ركردایه‌تی باش نه‌بوو، ده‌بوو ئه‌نجوومه‌نی سیاسی بایه، ئه‌گه‌ر وابا ئه‌وا خه‌ڵكیش زۆر ره‌خنه‌ی نه‌ده‌گرت، ئه‌نجوومه‌نی سیاسیی كوردستان باشتر بوو، به بۆچوونی من ئه‌و ناوه سه‌ركه‌وتوونه‌بوو.
ئه‌گه‌ر یه‌كڕیزیمان نه‌بێت هیچ شتێكمان سه‌رناگرێت، كێشه‌مان بۆ چاره‌سه‌ر ناكرێت، چونكه له ریفراندۆمیشدا ئه‌و یه‌كڕیزییه نه‌بوو كێشه‌مان بۆ دروست بوو، بۆیه گرنگه یه‌كڕیزی هه‌بێت و نه‌رم بن و ته‌نازول بۆ یه‌كتر بكه‌ن، له پاش ریفراندۆم زیاتر پێویستمكان به یه‌كڕیزی هه‌یه، وه‌فاتی مام جه‌لالیش ئیشه‌ڵا ده‌بێته هۆكارێك بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كڕیزی ببێته‌وه، ئێستا به‌داخه‌وه حزبه‌كان دژی یه‌كترن ئه‌گه‌ر ئیشی باشیش بكه‌ن، ئه‌و نه‌بوونی یه‌كڕیزییه گه‌وره‌ترین كه‌موكوڕییه كه هه‌مانه، گرنگه به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و كوردستانی بخه‌نه پێش به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی، ده‌بێت كوردستانی بن، چونكه پێكهاته‌ی دیكه‌ش له‌گه‌ڵماندا ده‌ژیین، ده‌بێت له یه‌ك چوارچێوه كاربكه‌ین و حزبایه‌تی پێش كوردایه‌تی نه‌كه‌وێت، به‌ڵام ئێستا به‌رژه‌وه‌ندیی حزب پێش به‌رژه‌وه‌ندیی كورد و كوردستانه، به میدیا و شتی تر هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر یه‌كتر، ئومێده‌وارم ئه‌م مه‌سه‌له‌یه تێپه‌ڕێنن.
مه‌حموود عوسمان كێیه؟:
- مه‌حموود عوسمان له ساڵی 1938 له قه‌زای پێنجوێن له پارێزگای سلێمانی له دایكبووه.
- به‌كالۆریۆسی له پزیشكی له زانكۆی به‌غدا ته‌واوكردووه.
- له 18 ساڵییه‌وه، له ساڵی 1954 په‌یوه‌ندیی به بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیی كوردستانه‌وه كردووه و له 1962 بووه‌ته ئه‌ندامی پارتی دیموكراتی كوردستان
- راوێژكاری مه‌لا موسته‌فا بووه له ساڵی 1968 بووه به یاریده‌ده‌ری بارزانی بۆ كاروباری ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش. له پاش نسكۆی شۆڕشی كوردستان له 1975 په‌یوه‌ندیی به حزبی سویسالیست دیموكراتی كوردستانه‌وه كردووه و له ساڵی 1981 بووه به سكرتێری ئه‌و حزبه و له ساڵی 1992 به‌هۆی ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌یان هیچ ده‌نگێكی به‌ده‌ست نه‌هێنا ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه.
- به یه‌كێك له‌و سیاسییانه داده‌نرێت كه به"سه‌ندوقی ره‌ش" ده‌ناسرێت كه زۆرترین زانیاریی په‌یوه‌ندیی شۆڕشی كوردی و بارزانی به‌دیاریكراوی له‌گه‌ڵ ئیسرائیلییه‌كانی له‌لایه، به تایبه‌ت په‌یوه‌ندییه‌كانی ساڵانی شه‌ست و حه‌فتاكاندا.
- ئه‌ندامی دوو خولی په‌رله‌مانی عێراق بووه.