Sarmand Hameed
15 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 16 تەمووز 2021
هەولێر- AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٣٠٧ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٨٢٨ کەس چاکبوونەتەوە، حەوت کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID 19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، هەزار و ٣٠٧ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٥٦٩ کەس، ٣٥٧ لە سلێمانی، ٣٢٨ لە هەولێر، ٣٧ لە گەرمیان، ١٤ لە هەڵەبجە و دوو کەسیش لە راپەڕین.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٨٢٨ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٤٦٠ کەس، ٢١٨ لە سلێمانی، ٩٩ لە هەولێر، ٤٥ لە گەرمیان و شەش کەسیش لە هەڵەبجە بووە.
هەروەها لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، حەوت کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە کە سێ لە سلێمانی، دوو لە هەولێر، یەک لە گەرمیان و یەک کەسیش لە دهۆک بووە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تا ئێستا، دوو ملیۆن و ٢٥٦ هەزار و ٥٢٧ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا، ٢٠٠ هەزار و ٤٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە و چوار هەزار و ٥٦٠ کەسیش دوای تووشبوونیان بە ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە و ١٨٣ هەزار و ٩٨٩ کەسیان دوای چارەسەری پزیشکیی چاکبوونەتەوە و لە ئێستادا ١١ هەزار و ٤٩٩ کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەرییدا ماون.