Azad Mohammed Abdullah
22 تەمووز 2019•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2019
نەینەوا- AA
بڕیاری تەرخانکردنى ٢٠ ملیار دینار بۆ هەر پارێزگایەکى عێراق لە لایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق، عادل عەبدولمەهدى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا و هاووڵاتییانى پارێزگاکەى نیگەرانکردووە و داواى گوژمەى زیاتر دەکەن.
سەرۆکى لێژنەى تەندروستى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، خزر ئەلیاس لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "دەستخۆشى لە سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکەین کە بوودجەى تایبەت بۆ کەرتى تەندروستى سەرجەم پارێزگاکان تەرخان دەکات، ئەمە هەنگاوێکى ئەرێنى و باشە، بەڵام بەڕاستى نیگەرانین لەوەى کە دۆخى پارێزگاى نەینەوا بەراورد نەکراوە لەگەڵ ئەو پارێزگایانەى کە هیچ شەڕێک تیایدا رووینەداوە. ئەمە نادادپەروەرییەکى گەورە لە هەمبەر خەڵک و ئیدارەى شارەکە، چونکە لە لایەک مووسڵ وێرانەیە و لە لایەکى دیکەش دووەم گەورەترین پارێزگایە".
گوتیشى: "لە سەردەمى شەڕى داعشدا نەخۆشخانەکانى پارێزگاى نەینەوا هاوشێوەى زۆربەى باڵەخانەکانى ئەو شارە گەورەترین زیانیان بەرکەوت، نەخۆشخانەى ئیبن سیناى ٦٠٠ قەرەوێلەیی و نەخۆشخانەى کۆمارى ٥٦٠ قەرەوێلەیی و نەخۆشخانەى سەلامى ٤٠٠ قەرەوێلەیی و نەخۆشخانەى بەتول -ى ٣٠٠ قەرەوێلەیی دەیان بنکەى تەندروستى دیکە لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا بە هۆى جەنگەوە گەورەترین زیانیان بەرکەوت، سەرجەم نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکان پێویستییان بە نۆژەنکردنەوەیە، ئەم هەموو زیانە گەورەیە بە ٢٠ ملیار دینار قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵکو کەرتى تەندروستى پارێزگاى نەینەوا پێویستى بە زیاتر لە ٢٥٠ ملیار دینار تاوەکو بە شێوەیەکى تەندروست خزمەت بە سەرجەم هاووڵاتییان بکات".
سەرۆکى لێژنەى تەندروستى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ئاشکراى دەکات کە کەرتى تەندروستى پارێزگاى نەینەوا سەرەڕاى سەرجەم کەموکوڕییەکان رۆژانە لە خزمەت هاووڵاتییانە و بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى پارێزگاى نەینەوا و لێژنەى تەندروستى ئەنجوومەنى پارێزگا بەردەوام لە هەوڵدان بۆ ئەوەى زۆرترین کەلوپەل و ئامێر و دەرمانى پزیشکى بۆ نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانى شارى مووسڵ دابین بکەن، هەر لە چوارچێوەى هەوڵەکانمان توانیمان لە رێگەى سندوقى ئاوەدانکردنەوەى ناوچە زیان بەرکەوتووەکان چەند ئامێرێکى پزیشکى پێشکەوتوومان لە نەخۆشخانەى ئیبن سینا جێگیر کرد".
خزر ئەلیاس دەڵێت "لە ئایندەیەکى نزیکدا بەشى نەخۆشییەکانى دڵ و قەستەرەى دڵ لە نەخۆشخانەى ئیبن سینا دەکەوێتە خزمەت هاووڵاتییان".