Sinan Balcıkoca
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
ئەسکیشەهیر – AA
ژنێکی تەمەن ٦٣ ساڵ کە هاووڵاتییەکی عێراقییە و لە ئاکامی بەربوونەوە، دوو ساڵ لەمەوبەر تووشی لەجێچوونی دڕکەپەتک بووبوو و کەوتبووە سەر عەرەبانە، دوای نەشتەرگەرییەکی دوو کاتژمێری لە ئەسکیشەهیر بە تەندروستیی جارانی شادبووەوە.
قوتبە ئەحمەد حوسێن کە دایکی سێ منداڵە و لە ٢٠٢٠ لە پارێزگای ئەنبار بەهۆی بەربوونەوەوە، بەهۆی گرژبوونی دەماری دڕکەپەتکەوە وێڕای ئەوەی لە عێراق نەشتەرگەریشی بۆ کرا، بەڵام نەیتوانیبوو بێتەوە سەر پێیەکانی خۆی و کەوتبووە سەر عەرەبانە، دواتر بۆ ئەوەی بە تەندروستی جارانی شاد ببێتەوە و هەڵستێتەوە سەر پێیەکانی خۆی رووی کردە کلینیکی نەشتەرگەری مێشک لە نەخۆشخانەی شاری ئەسکیشەهیر.
دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەک لەو نەخۆشخانە کە دوو کاتژمێری خایاند، قوتبە ئەحمەد حوسێن توانی بە تەندروستی جارانی شاد ببێتەوە و بۆ جارێکی دیکە بێتەوە سەر پێیەکانی خۆی.
پسپۆڕی نەشتەرگەری مێشک، دکتۆر خەلیل ئیبراهیم گوندوز کە نەشتەرگەرییەکەی ئەنجام داوە بە میدیاکارانی راگەیاند کە دوای بەربوونەوە ئەم ژنە لە عێراق نەشتەرگەری بۆ کراوە و گوتی: "بەهۆی خورانی دەمار لە کاتی لەجێبوونی دڕکەپەتک لە میانی بەربوونەوەکەدا ئەم ژنە نەیتوانیووە هەڵبستێتەوە سەرپێ. هەشت پارچە پلاتینمان بۆی داناوە لە شوێنی ئەو ئێسکەی لەجێ چووە و ئەو دەمارانە ئارام بوونەتەوە کە گوشاریان لەسەر دروست بووبوو. بەخت یاوەری ئەم نەخۆشەمان بووە کە دەمارەکانی لەناو نەچوون".
دکتۆر خەلیل ئیبراهیم گوندوز بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هەشت رۆژ دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە قوتبە ئەحمەد حوسێن هەستاوەتەوە سەر پێیەکانی خۆی، گوتی: "ئێستا بە باشی دەڕوات. لەمەودوا ژیانی ئاسایی بۆ دەگەڕێتەوە. خۆیشی زۆر دڵخۆشە بەوە. چی پێویست بوو بۆی ئەنجام درا و دەڵێت 'پێشنیاز بۆ تەواوی عێراقییەکان دەکەم لێرە نەشتەرگەری ئەنجام بدەن".
قوتبە ئەحمەد حوسێن'یش بە ئاماژەدان بەوەی کە بەهۆی نەشتەرگەرییەکەوە بە تەندروستی جارانی شاد بووەتەوە سوپاسی دکتۆر خەلیل ئیبراهیم گوندوز و تیمەکەی کرد.