Zuhal Demirci
08 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2022
لەندەن – AA
شاژنی بهریتانیا، ئێلیزابێسی دووهم له تهمهنی ٩٦ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
لەو پەیامەدا کە لە هەژماری تویتەری خێزانی شاهانەی بەریتانیادا بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە شاژنە ئێلیزابێس لە کۆشکی بالمۆرال لە سکۆتلاند کۆچی دوایی کردووە.
لە پەیامەکەدا هاتووە: "شاژن دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بالمۆرال گیانی سپارد".
ئهوهش ئاشکرا کراوه کە تەرمی شاژنە ئێلیزابێسی دووهم، سبەی بۆ لەندەنی پایتەخت، دەگوازرێتەوە.

- شاژنە ئێلیزابێس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو
شاژنی بەریتانیا لە ٢٠ی شوباتدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا ببوو، ئەوە راگەیەندرابوو کە هەندێک نیشانەی سووکی پێوە دیارە.
شاژنە ئێلیزابێس کە لە پاییزی رابردووەوە تا ئێستا کێشەی جووڵانی هەبوو، لەو کاتەوە بە بەردەوامی گۆچانی بەکاردەهێنا.
بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە، شاژنی بهریتانیا نەیتوانی بەشداری لە چالاکی جۆراوجۆری وەکو کردنەوەی پەرلەمان و ٧٠هەمین ساڵیادی وەرگرتنی تاجی پاشایەتی بکات.

- شاژنە ئێلیزابێس ئاشكرایكردبوو دەیەوێت کامیللا ببێتە "شاژن"
شاژنی بەریتانیا، لە پەیامێکیدا بە بۆنەی ٧٠هەمین ساڵیادی وەرگرتنی تاجی پاشایەتی رایگەیاندبوو، ئەگەر شازادەی جێنشین شازادە چارلز ببێتە شای بەریتانیا، ئەوا دەیەوێت کامیللا-ی هاوسەری ببێتە شاژن.
ئێلیزابێسی دووهم ئاماژەی بەوە کردبوو، دڵنیایە ئهگهر شازادە چارلز ببێتە شای بەریتانیا، ئهوا خهڵك هەمان پاڵپشتی له چارلز و کامیللا-ی هاوسەری دەکەن كه لهویان كردووه، و بۆ ئەو پشتیوانییهش کە بە درێژایی ٧٠ ساڵ لێیان كردووه، سوپاسی خەڵکی کرد.

ئێلیزابێس کە لە ٢١ی نیسانی ساڵی ١٩٢٦ لە خانووی ژمارە ١٧ لە کۆڵانی بروتۆن لە گەڕەکی مایفهیێر له لەندەن لە دایکبووە، لە ٦ی شوباتی ساڵی ١٩٥٢ دوای مردنی باوکی بووه شاژنی بەریتانیا و لە ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٥٣دا بە فەرمی تاجی لەسەر کرد.
شاژنە ئێلیزابێسی دووهم ناونیشانی ئەو فەرمانڕەوایەی بەریتانیای ههیه کە زۆرترین ماوە لەسەر كورسی دهسهڵات ماوهتهوه.
