چین ١٠٠ ھەزار دۆز ڤاکسینی سینۆفازم دەداتە ھەرێمی کوردستان و شەقامێکی ھەولێریش رووناک دەکاتەوە
کۆنسوڵی گشتیی چین لە ھەولێر، نی رۆکی رایگەیاند، بەم نزیکانە ١٠٠ ھەزار دۆزی دیکە ڤاکسینی سینۆفارم دهگهیهننه ھەرێمی کوردستان و یەکێک لە شەقامەکانی ھەولێر رووناک دەکەنەوە.
Arbil
هەولێر - AA
کۆنسوڵی گشتیی چین لە ھەولێر، نی رۆکی رایگەیاند، بەم نزیکانە ١٠٠ ھەزار دۆزی دیکە ڤاکسینی سینۆفارم دهگهیهننه ھەرێمی کوردستان و یەکێک لە شەقامەکانی ھەولێر رووناک دەکەنەوە.
پارێزگای ھەولێر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پارێزگار، ئومێد خۆشناو پێشوازیی لە کۆنسوڵی گشتیی چین لە ھەولێر، نی رۆکی کردووه.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی چین لە ھەولێر رایگەیاندووە: "بەمەبەستی پتەوکردنی دۆستایەتی لە مێژینەی نێوان گەلی چین و گەلی کوردستان، دەمانەوێت خزمەتێک پێشکەش بە شاری ھەولێر بکەین، ئەمڕۆ ھاتووین بۆئەوەی رایبگەیهنین لەڕێگەی چەقاندنی ٩٠ ستوونی ئینارەی رووناککردنەوە کە بەتیشکی خۆر کاردەکات و لە باشترین و پێشکەوتووترین جۆرن، یەکێک لە شەقامەکانی ئەو شارە رووناک بکەینەوە، ھەروەھا ئەوەش رابگەیهنین کە بەم نزیکانە، ١٠٠ ھەزار دۆزی دیکەی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی دەگەیهنین بە ھەرێمی کوردستان".
لەلای خۆیەوە پارێزگاری ھەولێر، وێڕای بەگەرمی بەخێرھێنانی کۆنسوڵی گشتی وڵاتی چین، رایگەیاند: "بەناوی حکوومەتی ھەرێم و پارێزگای ھەولێر و خەڵکی شارەکەمان سوپاسی ئەو ھاوکاری و یارمەتییانە دەکەین کە لەماوەی رابردوو پیشکەشتان کردووین و بەردەوامن و ئێستاش شەقامێکی شارەکەمان رووناک دەکەنەوە، بەدڵنیاییەوە لە نزیکترین کاتدا تیمەکانی ئەندازە و ھونەری خۆمان ئاگادار دەکەینەوە کە شەقامێک دیاری بکەین بۆ دەستپێکردنی ئەم پڕۆژەیە، کە ھەم پڕۆژەیەکە خزمەت بە ژینگەی شارەکەمان دهگهیهنێت و ھەمیش ئەو بارهی کە ھەیە لەسەر تۆرەکانی کارەبا کەم دەکاتەوە، ھەروەھا سوپاسی وڵاتی چین و گەلەکەی دەکەین، بۆ ئەو ھاوکاری و یارمەتییە تەندروستییانەی کە ھەر لەسەرەتای ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەشی ھەرێمی کوردستانتان کردووە، بەتایبەتی کە ئێوە یەکەم وڵات بوون ڤاکسینی کۆرۆناتان گەیاندە ھەرێمی کوردستان، دووبارە زۆر سوپاستان دەکەین کە بەدیارییەکی بەنرخ ئەمڕۆ ھاتوونهتە لامان و ئێمەش وەکو پارێزگای ھەولێر ئامادەین بۆ ھەموو ئاسانکارییەک و ھاوکارییەک".
لەتەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، جەخت لەسەر پتەوکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوانیان کرایەوە و ھەردوولا جەختیان لەسەر ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوان چین و ھەرێمی کوردستان بەگشتیی و ھەولێر پایتەخت بەتایبەتی کردەوە.