Sarmand Hameed
21 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2020
هەولێر AA
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19)ی بڵاوکردەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٦١ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە کە زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ١٧٦ تووشبوو، ٦٦ لە دهۆک، ٧٥ لە سلێمانی، ٣٠ لە گەرمیان، هەشت کەس لە راپەڕین و لە پارێزگای هەڵەبجەیش شەش تووشبوو تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٣٧١ کەس چاکبوونەتەوە، زۆرترین ژمارەیان لە دهۆک بووە بە ٢١٢ کەس، ١٠٤ کەس لە هەولێر، ١٧ کەس لە سلێمانی، ٢٤ کەس لە گەرمیان و لە هەڵەبجەش ١٤ کەس چاکبوونەتەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکەی وەزارەتی تەندروستیی هەرێم، لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٢٠ کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە گیانیان لەدەستداوە، بەجۆرێک چوار کەس لە هەولێر، شەش کەس لە سلێمانی، سێ کەس لە دهۆک، یەک کەس لە گەرمیان و کەسیش لە راپەڕین.
راشیگەیاندووە کە تا ئێستا، ٧٧١ هەزار و ٦٢٧ پشکنینی کۆرۆنا ئەنجامدراوە کە لە ئەنجامدا، ٩٢ هەزار و ٩٣٨ حاڵەتی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تۆمارکراوە.
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە کە تا ئێستا، ٥٧ هەزار و ٥١٧ کەس لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە و ٣٢ هەزار و ٤٤٤ کەسیش لەژێر وەرگرتنی چارەسەردان، هەروەها دوو هەزار و ٩٧٧ کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.