Heman Husseın Yaseen
30 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2020
هەولێر - AA
بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، د.هەست کەریم دڵنیاییدا کە هیچ حاڵەتێکی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تۆمارنەکراوە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بە وردی پشکنین بۆ گەشتیاران ئەنجام دەدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، د.هەست کەریم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند، رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ رێگەگرتن لەھەر حاڵەتێکی تایبەت بە بوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا و، جەختی لەوەشکردەوە کە بەپێی رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیھانی سەرجەم ئەو گەشتیارانەی لە وڵاتی چینەوە دەگەڕێنەوە پشکنینیان بۆ دەکرێت.
د.هەست کەریم گوتیشی: "ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان و پارێزگای ھەولێر دڵنیادەکەینەوە کە ھیچ حاڵەتێکی کۆرۆنا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر تۆمار نەکراوە و بە وردی پشکنین بۆ گەشتیاران ئەنجام دەدەین".
سەبارەت بەو ھاووڵاتییانەی کە لە هەولێرەوە بەرەو وڵاتانی دیکە گەشت دەکەن، د.هەست کەریم گوتی: "گەشتیاران دەتوانن سەردانی ئەو وڵاتانە نەکەن کە بوونی ڤایرۆسەکە تیایدا تۆمارکراوە، بەڵام لە ئەگەری ناچاربوون بەسەفەرکردن ئەوا رێنمایی تەواویان پێدەدەین کە ماسک و دەستکێش بەکاربهێنن و خواردنی نەبرژاو یان نەکوڵاو نەخۆن، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەکەینەوە کە زوو زوو دەستیان بشۆن و رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی جێبەجێ بکەن".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، بەڕێوەبەری تەندروستی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئاشکرایشی کرد کە سەرجەم ئەو پێداویستییە سەرەتاییانەی لە عێراقی فیدڕاڵ ھەیە بۆ پشکنینی ڤایرۆسەکە، لە ھەولێریش بوونیان ھەیە.