Heman Hussein Yaseen
26 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 27 کانوونی یەکەم 2023
هەولێر - AA
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، چەند دەنگێکی گەورە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر بیسترا و دواتر دەرکەوت لە ڕێگای فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێزەکانی ئەمریکا کراونەتە ئامانج و ئەمەش سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن-ی هێنایە سەر هێڵ و فەرمانی تۆڵەسەندنەوەی دەکرد.
دوای هێرشە درۆنییەکە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر لەلایەن گرووپەکانی نزیک لە ئێرانەوە بۆسەر بنکەی سەربازی ئەمریکا ئەنجامدراوە و تیاییدا دوو سەربازی ئەمریکی و خزمەتگوزارێک برینداربوون.
ھاوکات ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا رایگەیاندووە کە دوای ھێرشەکە، سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن ئاگادارکراوەتەوە و ئەویش فەرمانی بە پێنتاگۆن کردووە ئامادەکاری بکەن بۆ وەڵامدانەوە دژی ئەو لایەنانەی بەرپرسن لە ھێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر.
دواتریش فەرماندەیی ناوەندیی ھێزەکانی ئەمەریکا بڵاویکردەوە کە لە وەڵامی ئەو ھێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانیان لە عێراق و سووریا، چەند بنکەیەکی حزبوڵڵایان لەناو خاکی عێراق کردووەتە ئامانج و چەند چەکدارێکیان کوشتووە.
ھاوکات گوتەبێژی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق یەحیا ڕەسووڵ رایگەیاند کە گرووپە لە یاسا دەرچووەکان ھەوڵ دەدەن دەستدرێژی بکەنە سەر بنکە سەربازييە عێراقییەکان کە لە ھەندێک شوێن ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی تیادایە، ئەو کارە تاوانکارییانە ئامانجیان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییەکانی عێراق و پەیوەندییە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی.
یەحیا ڕەسووڵ جەختی لەوەشکردووەتەوە کە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێری کردووەتە ئامانج، ئێمە ئەم کردەوە تیرۆریستییە ئیدانە دەکەین و ھێزە ئەمنی و ھەواڵگرییەکان کاردەکەن بۆ دۆزینەوەی بکەرانی ئەو کردەوەیە بۆ ئەوەی بە سزای خۆیان بگەیەندرێن".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە جارێکی دیکە لە ڕێگای فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو، هێرشکرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و هیچ زیانێکی بەدواوە نەبوو.